تەمەنی خانەنشینی لە عێراق بۆ ساڵی داهاتوو وەکو خۆی هێڵدرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق تەمەنی خانەنشینی بۆ ساڵی داهاتوو دیاریکرد و بەپێی نووسراوێکی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەر کارمەندێکی حکومەت تەمەنی بگاتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت، سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت لەهەرێمی کوردستان تەمەنی خانەنشینی 63 ساڵە و حکومەت لەدیاریکردنی ئەو تەمەنە پشت بە یاسایەکی عێراق دەبەستێت کە ساڵی 2006 دەرچووە.
 
بەپێی نووسراوێکی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە بە ژمارە 32376 لە رۆژی یەکشەممە 7-11-2021 دەرچووە و بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجوومەنی دادوەری، دادگەی باڵای فیدڕاڵی و پارێزگارەکان نێردراوە تەمەنی خانەنشینی فەرمانەرانی کەرتی گشتی "حکومەت" 60 ساڵی تەواو دەبێت لە ساڵی 2022، هەرکەسێک لە رۆژ و مانگ و ساڵی دامەزراندنی ئەگەر  60 ساڵی تەواوکردبێت، خانەنشین دەبێت.
 
ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوەکەدا، کە واژۆی حەمید غزی پێوەیە، دیاریکردووە کە پشتی بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراو دەبەستێت، نووسراوەکەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران دوای نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق دێت کە لەبارەی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەتەوەیە.
 
بژار کۆچەر، سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی تەمەنی خانەشینی فەرمانەبەرانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران 63 ساڵە، لەکاتی خۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 27ی ساڵی 2006ی عێراقی پەسندکرد، کە تەمەنی خانەنشینی بە 63 ساڵ دیاریکردبوو".
 
ساڵی 2019 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای خانەنشنیی هەموارکردەوە و تەمەنی خانەشینی بۆ 60 ساڵ دابەزاند، بەڵام هەرێمی کوردستان کار بە یاسا نوێیەکەی عێراق ناکات. هەر کارمەندێکی حکومەت تەمەنی بگاتە 63 ساڵ خانەنشین دەکرێت.