بەهای بیتکۆین گەیشتە سەرووی 65 هەزار دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان بەرزبوونەوەی خێرای بەخۆیەوە بینی و بەهای بیتکۆین کە باوترین دراوی دیجیتاڵییە گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو هەفتە و نیوی رابردوودا.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و هەندێ هەواڵی ئەرێنی بوونە هۆکاری دووبارە بەرزبوونەوەی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان.
بەهای بیتکۆین بەڕێژەی 3٪ بەرزبووە و بە 65 هەزار و 121 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەهای یەک ئیسێریۆمیش بەرزبووەوە بۆ 4 هەزار و 711 دۆلار.
لە سەرەتای مانگی 10 ی ئەمساڵەوە بەهای بیتکۆین بەڕێژەی 57٪ بەرزبووەتەوە و بەهای ئیسێریۆمیش بەڕێژەی 50٪ بەرزبووەتەوە.
مانگی رابردوو یەکەم سندووقی وەبەرهێنان بە بیتکۆین لە بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا تۆمارکراو ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان.
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان زۆرجار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران روو لە کڕینی دراوە دیجیتاڵییەکان بکەن.
لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین بانکی ئۆسترالی و سینگاپۆری رایانگەیاند ئامادەن کە خزمەتگوزارییەکانیان پەرەپیبدەن و کار بە دراوە دیجیتاڵییەکان بکەن، ئەمەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان.