یەكێتیی هاوردە و ناردنكاران: ئاڵۆزییە سیاسییەكان جووڵەی بازرگانییان سست كردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تەشەنەكردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ لوبنان، بووەتە هۆكاری سستبوونی جووڵەی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەشێک لەو وڵاتانەی بازرگانییان لەگەڵ دەكات.
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بەكاتی سلێمانی)ی رادیۆی رووداو، كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، رایگەیاند، ئاڵۆزییە سیاسییەكانی ناوچەكە بەتایبەت تەشەنەكردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ لوبنان، بووەتە هۆكاری سستبوونی بازرگانی لە ناوچەكەدا، "بازرگانان مەترسییان هەیە و هەموو پارەكەیان ناكەنە خۆراك و كاڵا؛ بۆیە هەفتەیەكە سستییەك لە جووڵەی بازرگانی دروستبووە."
مستەفا عەبدولڕەحمان دڵنیایی دا كە خۆراك و پێداویستیی دیكە لە كۆگاكانی سلێمانی دا زۆرە، ئەگەر ئاڵۆزی عێراقیش بگرێتەوە، ئەوا بەشی شەش مانگ خۆراك لە كۆگاكاندا هەیە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی خەڵكی هەموو پێکەوە دەست بە كڕینی پێداویستی نەکەن.
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان گوتی، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە زیاتر هاوردەكردنە نەوەك ئاڵوگۆڕی بازرگانی و رایگەیاند، "هێشتا ئاستی هەناردەمان كەمترە لە 5%. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی هەمانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نییە، بەڵكو زیاتر هاوردەی كاڵا و خۆراكە."
لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بازرگانییان لەگەڵ دەكات، مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا لە پلەی یەكەمدایە و ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلارە، لەگەڵ ئێرانیش 6 ملیار دۆلار و لەگەڵ چینیش 5 ملیار دۆلارە.
سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لەو بڕوایەدا نییە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ببێتە هۆكاری گرانبوونی خۆراك، كاڵا و پێداویستییەكانی دیكە لە بازاڕدا، چونكە "حكومەتی عێراق بەهای 100 دۆلاری بۆ بازرگانان بە 132 هەزار دینار دیاری كردووە."