نرخی نەوت لە 10 رۆژدا بەڕێژەی 11٪ بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە نرخی نەوت بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردووی، ئەمڕۆ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە، نرخەکەی دابەزی.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ (سێشەممە، 8-10-2024) 23 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 20 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان توندتر بووە، دوای ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حیزبوڵڵا شەوی رابردوو بە مووشەک هێرشیان کردە سەر بەندەری حەیفا.
 
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە بەڕێژەی 3٪ بەرزببووەوە، بەوپێیەش رێژەی بەرزبوونەوەی لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا گەیشتووەتە سەرووی 11٪ .
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات کە ئێران بە مووشەکی بالیستی لە رۆژی یەکی ئەم مانگەدا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بازاڕی نەوتیش چاوەڕێی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئێران دەکات.
 
یەکێک لە بژاردەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەیە کە بە ئەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە.