وەزارەتی دارایی عێراق: کۆبوونەوەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەلێکی مێژووییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "کۆبوونەوەی نێوان ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، کە لە گفتوگۆکاندا تیشک دەخرێتە سەر ئامرازەکانی پتەوکردنی هاریکاری دارایی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکان."
ئاماژە بەوەش کراوە، "گفتوگۆکان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بۆ پتەوکردنی هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان، هەروەها پرسە داراییە هاوبەشەکانی وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بودجە، دەروازە سنوورییەکان، هاوئاهەنگیی گومرگیی و باج گرنگترین ئەو پرسانە دەبن کە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و کە ئەوانە کاریگەری دەکەنە سەر سەقامگیری ئابووری عێراق."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دارایی جەختی لەوە کردووەتەوە؛ ئەمجۆرە گفتوگۆیانە هەلێکی مێژووییە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان، هەروەها جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندیی هاوکاریی نێوان هەردوولا و گەیشتن بە چارەسەریەکی بەردەوام بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکان کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا رێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی متمانە و سەقامگیری ئابووری لە وڵاتدا."