چارەنووسی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چی لێدێت؟

08-09-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، دوای ئەوەی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی لە مووچەی مانگەکانی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە، دەرکەوتووە کە "بڕە پارەی زیاتریان ناردووە"، بەوهۆیەوە مووچەی مانگی تەممووز راگیراوە و چاوەڕێی روونکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
 
بۆ مانگەکانی داهاتوو، کاردەکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، ناردنی مووچە بەردەوام بێت، بەڵام بەمەرجێک کۆتایی ساڵ پێداچوونەوە بکرێت، ئەگەر پارەی زیاتریان ناردبێت، هەرێمی کوردستان ئەو زیادەیە بنێرێتەوە، یاخود بەغدا پارە زیادەکە دەگێڕێتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8-9-2024 هیوا جەمال، پێشکێشکاری دیاری کوردستان، لەسەر شاشەی رووداو، بە بەرنامەیەکی نوێ بەناوی "رۆژی هیوا جەمال" دەرکەوتەوە، بەرنامەکە رۆژانە کاژێر 08:00 پەخش دەکرێ، تێیدا بەدواداچوون بۆ نوێترین هەواڵەکان دەکات، جگە لەوەی بنکۆڵکاریی دەکات بۆ راستکردنەوەی هەواڵی ناڕاست (فەیک نیوز) و گەنگەشەی رووداوەکان دەکات.
 
تەوەری سەرەکیی ئەمڕۆی "رۆژی هیوا جەمال"، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو.
 
ئێوارەی شەممە، شاندی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق گەیشتە هەولێر، شاندەکە لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی و ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دیکە پێکهاتووە، دوو رۆژ لە هەولێر دەمێننەوە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، لانیکەم هەشت دۆسیەی هەڵپەسێردراو و مشتومڕهەڵگر تاوتوێدەکەن، لەوانە کێشەکانی مووچە، گومرگ، داهاتی نێوخۆ، خاڵە سنوورییەکان، باج و دەرامەت، پارەی دانەوێڵە، هاوتاکردنی مووچە، داهات و خەرجی، لە کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەدا تاوتوێدەکرێن.
 
گلدانەوەی مووچەی مانگی تەممووز لەلایەن بەغدا 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال باسکران، لە پەراوێزی کۆبوونەوە سەرەکییەکان وەزیرە هاوتاکان کۆدەبنەوە، بۆ نموونە وەزیرانی دارایی و ئابووریی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، وەزیرەکانی دیکە بە هەمانشێوە. 
 
کۆبوونەوەکان لەکاتێکدا بەڕێوەدەچن، فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەکەن، 10 رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق رایگەیاند، بڕی 550 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی هەشت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستێکی مووچەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حەوتە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی تەواوی مانگی حەوتی نەناردووە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپارەی مانگی هەشت مووچەی ئەو مانگەی داوە.
 
بۆچی بەغداد مووچەی مانگی حەوتی هەرێمی کوردستان نانێرێت؟
 
"دوای ئەوەی چاودێریی دارایی عێراق وردبینی لە مانگەکانی رابردووی مووچەی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆیان روونبووەتەوە کە بڕە پارەی زیاتریان ناردووە، بەوهۆیەوە مووچەی مانگی تەمووز راگیراوە." بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال
 
لەو بارەیەوە هیوا جەمال، لەگەڵ بەرپرسێک لە حکومەت عێراق گفتوگۆی کردووە، بە گوێرەی گفتوگۆکە، وەزارەتی دارایی عێراق فەرمانی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت داوە، مووچەکە خەرجکراوە و پارەکەی دانراوە، بەڵام لەدوای تێبینییەکانی چاودێریی دارایی عێراق، ئەو بڕە پارەیە گلدراوەتەوە، چونکە پێیانوایە لەماوەی شەش مانگی رابردوو بەزیادەوە ناردوویانە.
 
ئەوەی تاوەکو ئێستا لە مانگی حەوت خەرجکراوە، مووچەی سەربازی و هێزە ئەمنییەکانە و هەندێ دامەزراوەی هەرێمی کوردستانن، بەڵام نزیکەی 560 ملیار دینار، ماوە، کە گلدراوەتەوە و نەنێردراوە. ئێستا گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی پارە گلدراوەکە بدرێتە هەرێمی کوردستان.
 
لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەم ساڵ 
 
رۆژی هیوا جەمال زانیویەتی، لێکتێگەشتنێک لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، لانیکەم تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، لەوبارەیەوە رەشنووسێک ئامادەکراوە، بەڵام هێشتا لە گفتوگۆدایە.
 
بەدواداچوون کراوە و دەرکەوتووە کە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 7 ترلیۆن دینار پارە لە بەغداوە نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەکۆی بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراق کە 9 ترلیۆن و 550 ملیار دینارە، شارەزایان مەترسی ئەوەیان هەیە "ئەوەی ماوەتەوە بەشی تاوەکو کۆتایی ساڵ نەکات، بەتایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشینیی مانگانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینار زیاتر پێویستە بۆ مووچە، بەوەش رەنگە لە مانگی 10دا بەغدا بڵێت، باڵانسەکەتان تەواو بووە."
 
د. ئەرشەد تەها، پسپۆری ئابووری و دارایی لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"، رایگەیاند: "لە 2004ـەوە هیچ کاتێک شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەدراوە و هەرێمی کوردستان مافی خۆی وەرنەگرتووە".
  
ئەو پسپۆرەی ئابووری و دارایی پێیوایە، "دەبێت پەیوەندیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بە یاسا چارەسەر بکرێت، چونکە ئەو پەیوەندییەی ئیستا پەیوەندییەکی شێواوە و لە یاسا و دەستوور نەهاتووە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە