ئابووری
وێنەیەک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی کۆمپانیاکانی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت، سەرۆکى ئەنجوومەنى بازاڕى دراوى هەولێریش دەڵێت، "چاوەڕوانین ئەو کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە و کۆمپانیاکان لە وەرگرتنی دۆلار بە بەهای فەرمی سوودمەندبن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی شاندی وەزاریی ئابووریی عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2024 لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و بڕیارە سەرجەم دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی ئابووری و دارایی یەکلایی بکرێنەوە، دۆسیەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بڕیاری داخستنیانە بەپێی بڕیاری بانکی ناوەندی.
سیامەند مەولوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى بازاڕى دراوى هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە چاوەڕوانین لەو کۆبوونەوەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی دەیکات، چارەسەری کێشەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لێبکەوێتەوە، چونکە کۆمپانیاکانی ئێمە لەگەڵ ئەوەی باج دەدەن، هیچ سوودمەند نەبوون لە پێدانی دۆلار بە بەهای فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە."
بە گوتەی سیامەند مەولوود، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکێک لە تەوەرەکانی باسی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوە کە بڕیاری داخستنیان بۆ دەرچووە، "بۆیە چاوەڕوانین هاوشێوەی کۆمپانیاکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت."
رووداو زانیویەتی، هەرێمی کوردستان پێشنیازی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی چارەنووسی ئەو کۆمپانیایانەوە پێیە، ئەوەش لە رێگەی دیاریکردنی ماوەیەک بۆ پابەندبوون بە داواکارییەکانی بانکی ناوەندی، خێراکردنی راییکردنی مامەڵەکانیان و دیاریکردنی کات، لەگەڵ سوودمەندبوونیان بە پێدانی دراوی بیانی، بەتایبەت دۆلار لە بانکی ناوەندی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە نوێترین بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئەوەیە رووبەری شوێنەکانیان لە 100 مەتر دووجا کەمتر نەبێت، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم کۆمپانیاکان.
رۆژی سێشەممە، 3ی ئەیلوولی 2024 تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراقی بڵاوکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی بە کردنەوەی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A و B) رازی نییە و دەبێت لقەکانیشیان دابخەن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری دۆسیەکە، بەپێی بڕیارەکە، دەبێت 400 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕ و نزیکەی 30 لق دابخرێن. ئەمەش جگە لە زیانە ئابوورییەکەی، زیاتر لە هەزار کەس بێکار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ