راوێژکارێکی سوودانی: حکومەت باج زیاد دەکات

08-09-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق باج زیاد دەکات. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، حکومەت پشت بە پەیڕەوێکی نوێی چاکسازیی باج دەبەستێت. 
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی، حکومەتی عێراق پشت بە پەیڕەوێکی نوێی چاکسازیی باج دەبەستێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەشت پاکێجی نوێی چاکسازیی سیستمی باج لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکراون.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە 07-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، حکومەتی عێراق دەستی بە زیادکردنی داهاتی نانەوتی کردووە، یەکێک لەو رێگەیانەش زیادکردن و رێکخستنەوەی باجە و ئێستاش ئەو کارە دەستپێکردووە.
 
لە 22-08-2024 سوودانی لە کاتی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی جێبەجێکردنی چاکسازیی باج، گوتی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، داهاتی باج بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 22٪ بەرزبووەتەوە. 
 
لە یاسای بودجەی 2024ـدا داهات بە 147 تریلیۆن و 836 ملیار دینار خەمڵێندراوە؛ داهاتی نەوتی 120 تریلیۆن و 496 ملیار دینار، واتە 81.5%ـی کۆی داهات، داهاتی نانەوتیش 27 تریلیۆن و 340 ملیار دینارە، کە دەکاتە 18.49%ـی کۆی داهاتی گشتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە