لە عێراق داهاتی نەوت زیادیکردووە و جموجووڵی بازاڕ سستبووە


رووداو دیجیتاڵ

چەقبەستوویی سیاسیی کاری پەرلەمانی عێراقی وەستاندووە و حکومەتی کاربەڕێکەریش ناتوانێت هەموو کارەکان راپەڕێنێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕ و بزاوتی ئابووری و پڕۆژەکان دروستکردووە. ئەمساڵ خەریکە تەواو دەبێت، کەچی تاوەکو ئێستا وڵات بێ یاسای بودجەیە. بەهۆی ململانێی سیاسیش دەرگەی پەرلەمان داخراوە.
 
هەمزە مستەفا، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "حکومەت پشتدەبەستێت بە میکانیزمی خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدە بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، بەڵام ئەمە بەس نییە، چونکە بەبێ بودجە حکومەت ناتوانێت هەڵسوکەوت بکات". 
 
ئەمە وێڕای ئەوەی ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، حکومەت لە فرۆشی نەوت داهاتێکی زۆری دەستدەکەوێت، هەندێک مانگ ریکۆردیشی شکاندووە. بەگوتەی عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی نیشتمانیی "سۆمۆ" لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، داهاتی دارایی فرۆشی نەوت نزیکەی 82 ملیار دۆلار بووە. هاوکات عێراق خاوەن 82  ملیار دۆلار یەدەگی بانکییە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 90 ملیار دۆلار. هەروەها خاوەنی 130 تۆن زێڕە، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە، بەشێوەیەکی بەرچاوی ئەم داهاتە زۆرە لە بووژانەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵک رەنگی نەداوەتەوە. 
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بودجەی ساڵی 2021دا نرخی بەرمیلێک نەوت بە 45 دۆلار دیاریکرا، ساڵی 2022 عێراق بێ یاسای بودجەیە و لەسەر بنەمای یەک لەسەر دوازدە کارەکان بەڕێوەدەچێت، عێراق نرخی نەوتی بە سەرووی 100 دۆلار فرۆشتووە، "بۆیە ئەو زیادەیەی دوای 45 دۆلارەکە دەمێنێتەوە، بۆ زیادکردنی یەدەگی دراو و کڕینی زێڕ بەکاردەهێندرێت، حکومەت لە دەرەوەی یاسا ناتوانێت بەکاری بهێنێت".
 
باسم قەزوینی، شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژە بەوەش دەکات: "پرۆسەی پەسندکردنی بودجە شکستدەهێنێت، لەگەڵ بوونی داواکاری خەڵک بۆ گوشارکردن، ململانێی سیاسی روون هەیە، پێموایە لە کۆتاییدا یاسای ئاسایشی خۆراک کە چەند مانگێک لەمەوبەر هەندێک هێزی سیاسی ناچار بوون پەسندی بکەن، ئەوا جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە، وەک پەسندکردنی بودجەیەک لە ساڵی داهاتوو."
 
بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە، لە عێراق دوو جۆر خەرجی هەن، جۆری یەکەم، یەک لەسەر 12ی خەرجییە بەرکارەکانی بودجەی 2021 بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی ژمارە شەش بۆ ساڵی 2016. جۆری دووەمی خەرجییەکانیش، پشتبەستووە بە یاسای پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی ژمارە دوو بۆ ساڵی 2022.