راوێژکارێکی سوودانی: کێشەی پارەی کاشمان نییە و سەرووی 100 تریلیۆن دینارمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووریی رەتیدەکاتەوە کێشەی پارەی کاش هەبێت و دەڵێت لە چەند مانگی رابردوودا پارە چاپکراوە و ئێستا عێراق سەرووی 100 تریلیۆن دینار پارەی کاشی هەیە.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووریی، رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک کێشەی نەبوونی پارەی کاش نییە، چونکە ئەمە لە رێگەی دۆلارەوە دابین دەکرێ".
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری گوتی: "دابینکردنی پارەی کاش لە رێگەی فرۆشی نەوت دابین دەکرێ کە پارەکەی بە دۆلارە، هەر کاتێک حکومەت پێویستی بە دینار بێ بۆ خەرجیی ناوخۆیی پارەی فرۆشی نەوتەکە کە دۆلارە دەگۆڕێتەوە، بانکی ناوەندیی عێراق دیناری پێدەدات".
مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەدا بانکی ناوەندیی عێراق بە ئامانجی سەقامگیریی بازاڕ، دۆلار لە بازاڕ دەفرۆشێ لە رێگەی دەروازە و مەزادی فرۆشتنی دراو، تاوەکو بۆ جاری دووەم لەو رێگەوە پارەی کاشی پێ دابین بکات، ئەم پرۆسەیە دووبارە دەبێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە دراو گەشەی سروشتی خۆی بکات.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری راشیگەیاند، ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵیش، عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی گرفتی هەبوو، وردبینی گەورە لە حەواڵەی پارە کراوە، گرفت بۆ 70٪ی حەواڵەکان دروستبووە، ئەوەش وایکردووە راکێشانی پارەی کاش زیاتر بێ.
ئەو زیاتر روونیکردەوە، دۆلار هەیە؛ بەڵام ئەوەی لە بازاڕە هاوتای ئەوە نییە کە حکومەت دەیفرۆشێتە بانکی ناوەندیی عێراق، بەم شێوەیە کاتێک حکومەت پێویستی بە پارەی کاشە و بەگوێرەی پێویست دەستی ناکەوێ، چاپکردنی پارە زیاتر دەکات. لەبری ئەوەی لە بازاڕ پارەکە بکشێنێتەوە، لە رێگەی چاپکردنەوە دەستی دەخات، ئەوەش گۆڕانکاریی لە دراوی چاپکراو دروست دەکات؛ بەڵام ئەم کارە کێشە دروست ناکات؛ چونکە ئەمە 100٪ لە رێگەی دۆلار دابین و فەراهەم دەکات.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێیوایە کاتێک بە ئەستەم پارە لە رێگەی هاموشۆی ئاسایی دەستدەکەوێ، چاپکردنی پارە زیاتر دەبێ. بەو هۆیەوە بۆ چەند مانگێک پارە چاپکراوە، بەڵام ئێستا بە نزیکەیی کۆتایی هاتووە.
مەزهەر محەممەد ساڵح گوتیشی: "چاپکردنی پارە زیادی کردووە، ئەم ساڵ پارەی کاش گەیشتووەتە سەرووی 100 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا پێشتر 80 تریلیۆن دینار بووە، ئەم گۆڕانکارییەش کاریگەری نابێ بەهۆی ئەوەی گرێدراوە بە دۆلارەوە و لەو رێگەیەوە دابین دەکرێ".
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 04-08-2024، دوای کۆبوونەوەی لیژنەکەیان لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "عێراق کێشەی پارەی کاشی هەیە، بەم دواییانە چاپکردنی پارە زیادی کردووە، هەڵاوسان دروستبووە، بەم دواییانە پارەی جۆری 25 هەزاری و 50 هەزار دیناری زیاتر بووە".
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئێوارەی دوێنێ گوتی، کێشەی پارەی کاش هەیە و بەهۆیەوە، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران زیاتر دوادەکەوێت.