توانای نەدانەوەی قەرزی کارتی بانکی لە تورکیا 70% زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی قەرزی کەسی کارتی بانکییەوە تووشی رێوشوێنیی یاسایی بوونەتەوە 70% زیادیکردووە و 645 هەزار کەسی تێپەڕاندووە. ئەو قەرزانەش کە بڕیارە لە مانگی حوزەیران پاکتاو بکرێن 103% زیادیکردووە.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەو کەسانەی لە بەرامبەر هەڵاوسانی زۆردا توانای کڕینی خۆیان لەدەست دەدەن و پشت بە قەرزی کەسی و کارتی بانکی دەبەستن، بەزەحمەت قەرزەکانیان دەدەنەوە.
 
لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بەراورد بە 6 مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو تەقینەوەیەک لە قەرزی بەکاربەراندا روویدا، بەتایبەتی قەرزی کارتی بانکیی. لەگەڵ قورسبوونی دانەوەی قەرزەکان بەهۆی بەرزی رێژەی سوودەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە ناو رێوشوێنی یاساییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
بەپێی داتاکانی ناوەندیی مەترسی کۆمەڵەی بانکەکانی تورکیا، لە مانگی کانوونی دووەم تا حوزەیرانی 2013  ژمارەی ئەو کەسانەی نەیانتوانیوە قەرزی تاکەکەسی کارتی بانکیی خۆیان بدەن 379 هەزار و 591 کەس بووە، لە ساڵی 2024ـدا رێژەکە 70% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 645 هەزار 474 کەس.
 
هەر لەو وادەیەدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی قەرزی کەسییەوە تووشی رێوشوێنی یاسایی بوونەتەوە 34% زیادیکردووە و لە 399 هەزار و 377 کەسەوە گەیشتووەتە 536 هەزار و 20 کەس.
 
ئەوانەی بەهۆی قەرزی کەسی و قەرزی تاکەکەسی کارتی بانکییەوە تووشی رێوشوێنی یاسایی بوون 43% زیادیانکردووە و ژمارەیان گەیشتووەتە 891 هەزار کەس. ژمارەی ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە ژێر رێوشوێنی یاسایی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو 118 هەزار و 362 کەس بووە، لە هەمان مانگی ئەم ساڵدا ژمارەیان گەیشتووەتە 213 هەزار و 989 کەس. 118 هەزار و 855 لەو کەسانە قەرزی شەخسی خۆیان نەداوە، 142 هەزار و 28 کەسیشیان قەرزی کەسی کارتی بانکیی خۆیان نەداوە.