نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 78 دۆلار بەرزبووەوە

دوێنێ کاژێر 07:36
A+ A-

روداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی.
 
ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە دابەزیوە، هەروەها گرژییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە ئەگەری تۆڵەکردنەوەی ئێران لە ئیسرائیل و کاردانەوەی تەلئەڤیڤ، خواستی بۆ کڕینی نەوت زیادکردووە. 
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 29 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە، لە یەکەم رۆژی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی نەوت دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ئەم ساڵدا بەهۆی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو کاڵا ستراتیژییە، بەڵام لە سێ رۆژی رابردوودا نرخەکانی نەوت توانیویانە هەندێ لە زیانەکانی رۆژی دووشەممەی خۆیان قەرەبوو بکەنەوە.
 
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە 3.7 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە و دابەزیوە بۆ 429 ملیۆن بەرمیل. ئەو بڕە زۆر زیاترە لە ئاستی پێشبینییەکان، بەوپێیەی پێشبینیکرابوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا تەنیا 700 هەزار بەرمیل کەمیکردبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە