بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی: نرخی ئارد دابەزیوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، نرخی ئارد دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە سەرەکیترینیان بریتییە لە رێککەوتنی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ هەناردەکردنی گەنم بۆ بازاڕەکانی دەرەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 25-7-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەسمی گومرگی لەسەر 171 کاڵای جۆراوجۆر کەمکردەوە. دوای دوو هەفتە، سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی ئەو کاڵا و شتومەکانەی رەسمی گومرگییان لەسەر کەمکراوەتەوە بە رێژەی 10٪ بۆ 15٪ دابەزیوە".  
 
سۆران عەبدولغەفوور گوتیشی: "پێشتر تۆنێک ئارد 34 دۆلار گومرگی لەسەر بوو و کە لابراوە هەموو فەردەیەک 2 هەزار و 500 دینار بۆ 3 هەزار دینار نرخی دابەزیووە."
 
رووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستەنبووڵ رۆژی 22-7-2022، رێککەوتنێکیان بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا واژۆ کرد بۆ ئەوەی هەناردەی دانەوێڵە دەستپێبکرێتەوە و رێککەوتنەکەش خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، "ئەو رێککەوتنەی رووسیا و ئۆکراینا کاریگەری هەبووە لەسەر دابەزینی نرخی ئارد لە هەرێمی کوردستان و لە جیهانیش. پێش رێککەوتنەکە نرخی فەردەیەک ئارد نزیکەی 51 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ نزیکەی 47 هەزار دینار دابەزیوە".