وەزیری دارایی: لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری کێشەی مووچە هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لێکتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون" بۆ چارەسەری کێشەی مووچە هەیە و چەند جارێک وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەکان کراوە.
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیریی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "هەرچەندە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بە بیانووی وردبینییەوە، هەموو مانگێک کێشەیەکی نوێ بۆ مووچە دروست دەکەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێک وردبینی لەخەرجی و داهات بکرێت."
 
ئەم گوتانەی وەزیری دارایی لە کاتی پێشوازیکردنی لیو جیون، کۆنسوڵی گشتیی چین لە هەولێر بوو.
 
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا لەو بارەیەوە دەڵێت، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کرا."  
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە: "هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم[ی کوردستان] و رادەستکردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و بەردەوامی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە." 
 
رۆژی 4ـی تەممووز، حکومەتی عێراق بڕی 231 ملیار و 405 ملیۆن و 531 هەزار دیناری وەکو بەشێک لە مووچەی مانگی حوزەیران بۆ هەرێمی کوردستان نارد. پارەکە بۆ شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بوو.   
 
رۆژی یەکشەممە، 7ـی تەممووز دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران کرا. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە، عێراق تاوەکو ئێستا عێراق لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران پەسند نەکردووە، بەڵام پێشنیازێک خراوەتە بەردەم سوودانی کە بەبێ چارەسەرکردنی تێبینییەکانی وەزارەتەکە، ئەو دوو مووچەیە خەرج بکات. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدا، دەست هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو کەوتوون، پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە، "لیستێکی نوێی مووچە بۆ هێزە ئەمنییەکان، لەنێوان دیوانی چاودێریی وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کە چارەسەری تێبینییەکانی دارایی فیدراڵی تێدابێت، ئامادە بکرێت."
 
بە گوێرەی پێشنیازەکە "لە 60 رۆژدا دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی وەزارەتەکان لەوبارەیەوە کۆببنەوە و تێبینییەکان چارەسەر بکەن و لیستە نوێیەکە بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن." لەو ماوەیەی تاوەکو تێبینییەکان چارەسەر دەبن، "داوا لە سوودانی کراوە مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران-ی هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکات." ئەمە بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز.