بەرپرسی وزە نوێبووەوەکان: نزیکەی 20٪ـی کارەبای نیشتمانیمان لە وزەی پاکەوە دابین دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی وزە نوێبووەوەکان لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 20٪ـی کارەبا لە رێگەی وزەی پاکەوە بەرهەم دەهێنرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ دابینکردنی کارەبا هەوڵی پەرەپێدانی سیستمی سۆلار دەدەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 08-07-2024، لە زانکۆی سلێمانی چالاکییەک سەبارەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزە نوێبووەوەکانەوە بەڕێوەچوو.
 
رەوا پێنجوێنی، بەرپرسی وزە نوێبووەوەکان لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا سەروو چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت کە سەرچاوەی نزیکەی 20٪ـی بریتییە لە وزەی پاک.''
 
رەوا پێنجوێنی گوتی، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، دوو سەرچاوەی سەرەکیی وزەی پاک هەن، ئەوانیش بەنداوەکان و وێستگەکانی گازی سرووشتین.
 
بەگوتەی بەرپرسی وزە نوێبووەوەکان لە وەزارەتی کارەبا، وێستگەکانی گازی سرووشتی لە قۆناخی یەکەمدا بە گازتۆرباین گاز دەسووتێنن و کارەبا بەرهەم دەهێنن، بەڵام لە قۆناخی دووەمدا گەرمای ئەو سووتاندنە وەردەگیرێت و بە گەرمکردنەوەی هەڵم لە رێگەی تۆرباینەکانەوە جارێکی دیکە کارەبا دروست دەکرێت، ''واتە لە قۆناخی دووەمدا هیچ سووتەمەنییەک بەکارناهێنین، بۆیە وەکو سەرچاوەیەکی پاکی بەرهەمهێنانی کارەبا هەژمار دەکرێت.''
 
رەوا پێنجوێنی دەڵێت، وەزارەتی کارەبا بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە وزەی پاک، سێ گرێبەستی بۆ دامەزراندنی سێ وێستگەی وزەی خۆری بەرهەمهێنانی 350 مێگاوات کارەبا لە سێ شوێنی جیاوازی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە.
 
ئێستا ژمارەیەک لە باڵەخانەکان، کارگە و شوێنە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبا لە وزەی خۆر کەڵک وەردەگرن. بەرپرسی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: ''رێنماییەکمان دەرکردووە کە تێیدا هاتووە، هەموو هاووڵاتییان دەتوانن سیستمێکی وزەی پاک (سۆلار) دابنێن بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی کارەبای خۆیان و ئەگەریش زیاتر لە پێداویستیی خۆیان کارەبایان بەرهەمهێنا، بیگەڕێننەوە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی.''
 
رەوا پێنجوێنی گوتیشی: ''گەڕانەوەی ئەو بڕە کارەبایە بۆ نێو تۆڕی نیشتمانی بە شێوەیەک دەبێت کە هەر چەند کیلۆ واتێک بگەڕێننەوە، بۆیان هەژمار دەکرێت و لە نێو پسووڵەکانیاندا بڕی بەکارهێنان و گەڕاندنەوەیان بۆ دەنووسرێت، بۆیە تەنیا پارەی جیاوازییەکە دەدەن.''
 
کۆی تێچووی دانانی سیستمی سۆلار بۆ دابینکردنی پێنج ئەمپێر بە شێوەی 24 کاژێری دەگاتە دوو هەزار و 500 بۆ سێ هەزار دۆلار کە گەرەنتیی زیاتر لە 10 ساڵیشی هەیە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا بەرزترین ئاستی خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا لە وەرزی زستان و هاوینە کە هاونیشتمانیان بۆ گەرمی و ساردی کارەبای زیاتر بەکاردێنن. لەو وەرزانەدا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا دەگاتە نزیکەی 7 هەزار مێگاوات.