وەزارەتی کارەبای عێراق: وێستگەی کارەبای دوبز دەکرێتەوە

08-07-2024
پەیمان محەممەد
عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت.
عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت دەڵێت، کۆتایی مانگی تەممووز بەشێک لە وێستگەی کارەبای دوبز دەکەوێتە کار کە لە قۆناخی یەکەمدا توانای بەرهەمهێنانی 340 مێگاوات کارەبای دەبێت.  
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 08-07-2024، عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت سەردانی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای لە دوبز کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەشێک لە وێستگەکە کارەکانی تەواوکراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکرێتەوە.
 
وێستگەکە لە دوو بەش پێکهاتووە و هەر بەشەی دوو یەکەی هەیە. ئەو بەشەی بڕیارە بکرێتەوە، لە قۆناخی یەکەمدا توانای بەرهەمهێنانی 340 مێگاوات کارەبای دەبێت. عادل کەریم گوتی، کۆمپانیای گازی باکوور گازی پێویستی بۆ دابین دەکات.
 
وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت گوتی: ''لە قۆناخی دووەمدا کۆمباین سایکڵ بۆ یەکەکان دەبەسترێت کە توانای بەرهەمهێنانی کارەبای بە بڕی 170 مێگاوات بەرز دەبێتەوە". 
 
بەشێکی وێستگەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی رووسییەوە ئامادەکراوە، بەڵام زیاتر لە 10 ساڵە کۆمپانیایەکی ئێرانی کار لە بەشەکەی دیکەدا دەکات و تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە. عادل کەریم لەوبارەوە گوتی: ''بەشەکەی دیکەش کە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 450 مێگاوات کارەبای دەبێت، کارەکانی بۆ ئەم هاوینە تەواو نابن و دەچێتە هاوینی داهاتوو.''
 
وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت گوتی: ''بە گشتی ئەم وێستگەیە ئەگەر بە تەواوی بکەوێتە کار، 850 بۆ 900 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە بەشێکی زۆر لە کێشەکانی کارەبای کەرکووک چارەسەر دەکات.''
 
بەپێی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کردنەوەی فەرمیی وێستگەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە