وەرگرتنی گەنم لە عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆماردەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ لە مێژووی وڵاتەکەدا زۆرترین گەنم وەرگیراوە و نەینەواش لە پلەی یەکەم دێت. ئەمڕۆش شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق سەردانی هەولێر دەکات.
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی شەممە، 08-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەرگرتنی گەنمی جووتیاران 5 ملیۆن تۆنی تێپەڕاند؛ چاوەڕێ دەکرێت بڕێکی دیکە رادەست بکرێت؛ رەنگە ئەم وەرزە کۆی گشتی گەنمی رادەستکراو بگاتە 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن".
حەیدەر گەرعاوی گوتی، "ئەمساڵ لە مێژووی عێراقدا زۆرترین گەنم رادەستکراوە. تائێستا نەینەوا لەسەرووی ئەو پارێزگایانە دێت کە زۆرترین گەنمیان تێدا بەرهەمهێنراوە و رادەستکراوە کە نزیکەی 870 هەزار تۆن بووە و ئەگەری هەیە بگاتە 900 هەزار تۆن".
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە گوتیشی، بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم، شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی سەردانی پارێزگای کەرکووک و نەینەوای کردووە و ئەمڕۆش سەردانی هەولێر دەکات.
حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت و بۆ ئەمساڵ بڕیاریداوە تەنیا 500 تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لەکاتێکدا بەرهەمەکە زیاترە لەو بڕە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو چوارشەممەی رابردوو زیاتر لە 420 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە؛ 106 هەزار تۆن گەنم لە هەولێر؛ لە سلێمانی و هەڵەبجە 207 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە 109 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن؛ لە سلێمانی و هەڵەبجە 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن.