رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: دوو بڕگەى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق ناکۆکییان لەسەرە و پێشنیاز هەیە دانەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکرێتە راسپاردە. دەرهێنانى نەوتیش لە کەرکووک و نەینەوا بۆ پەسندکردنى یاساى نەوت و گاز دوابخرێت.
رۆژی 8ى حوزەیرانى 2023 موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەر لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و بەشێک لەو گۆڕانکاریانەیان پێگەیشتووە کە بەگوێرەى رێککەوتنە سیاسییەکان لەنێو پڕۆژەیاساى بودجەى گشتىدا کراون.
موعین کازمى گوتی "ئەوەى پەیوەندیی بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە و چارەسەر نەکرابێت، دانەوەى پاشەکەوتى مووچە و رێگرى لە دەرهێنانى نەوتە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووک و نەینەوا، پێشنیاز هەیە چۆنیێتى دانەوەى پاشەکەوتى مووچە وەک راسپاردە بدرێتە حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە لە پشکەکەى بیداتەوە و لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بهێندرێتە دەرەوە. پرسی دەرهێنانى نەوتیش لە کێڵگەکانى کەرکووک و نەینەوا دوابخرێت بۆ پەسندکردنى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز و راسپاردەیەک هەبێت بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە نابێت نەوت لە کەرکووک و نەینەوا هەناردەبکرێت بەبێ رەزامەندى حکومەت فیدراڵى".
بڕیارە کاژێر هەشتى ئەمشەو (8-6-2023)، پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کە بۆ سێ ساڵە و قەبارەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە.
موعین کازمى کە ئەندامى فراکسیۆنى چوارچێوەى هاوئاهەنگییە، گوتى "ئەوەى پەیوەندیدارە بە سکاڵاى پشکى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان کە لە گۆڕانکارییەکاندا کرابوون، پرسێکى نێوخۆیی کوردستانییە و پەسندکرنى بودجەی لەسەر پەکناخەین".
رۆژی 25ـی ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق چەند گۆڕانکارییەکى لە هەردوو مادەى 13 و 14ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراقدا کرد، کە تایبەت بوون بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند کۆت و بەندێکیان بۆ ناردنى بودجە و رادەستکردنى نەوت و دانەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران دانابوو.
پارتى پێشنیازی کردووە حکومەتى فیدراڵى قەرزى درێژخایەن بداتە حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەى مانگانە 10%ـی مووچە پاشکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی پێ بداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ