رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق لە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا لە 130 تریلیۆن دینار، تەنیا 4 تریلیۆن دیناری بۆ بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان تەرخان کردبوو، کەچی لە پێشنیازەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک کە 25 تریلیۆن دینارە، 8 تریلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی هەرێمەکان تەرخانکراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهیچ پڕۆژەیەک بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8-6-2022، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، 25 تریلیۆن دینار لە پێشنیازەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان تەرخانکراوە "ئەمەش بڕەکەی زۆرە و بۆنی گەندەڵی لێدێت."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی روونیکردەوە، لە بودجەی ساڵی 2021دا حکومەتی عێراق لە 130 تریلیۆن دینار، تەنیا 4 تریلیۆن دیناری بۆ پەرەپێدانی هەرێمەکان دیاریکردبوو، ئەویش لەسەر بنەمای پڕۆژەکان بوو، کە لە بوجەدا ئاماژە بە پڕۆژەکان کراوە، کەچی لەم پڕۆژەی ئێستا لە 25 تریلیۆن دیناردا 8 تریلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی هەرێمەکان تەرخانکراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ پڕۆژەیەک بکات.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو یاسائە ناوەکەی لەگەڵ ناوەڕۆک یەک ناگرێتەوە، ناوەکەی ئاسایشی خۆراکە، کەچی 25% پارەکەی بۆ ئاسایشی خۆراکە ئەوی دیکە بۆ بابەتی دیکە تەرخانکراوە.
لەبارەی پارەی زیادە لە فرۆشی نەوت د. جەمال کۆچەر دەڵێ، عێراق تاوەکو ئێستا حیساباتی 2021ـی نەکردووە، تاوەکو بزانێت چەندی خەرجکردووە و بزانێت زیادەی هەیە یاخود نا. هەروەها عێراق لانیکەم 100 تریلیۆن قەرزارە، بۆیە راست نییە کە دەگوترێت عێراق پارەی زیادەی هەیە.
د. جەمال کۆچەر کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامییە جەخت لەوەدەکاتەوە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پێش کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان کۆببنەوە، بۆ نواندنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو. ئەمە یەکەمین یاسای دارایییە دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی لەکاتێکدا بۆ کورد هیچی تێدانییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەشڵێ، ئەگەر بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، تەنیا دەنگ بەو بڕگانە دەدات کە باوەڕی پێیەتی وەک ئاسایشی خۆراک، کشتوکاڵ، کارەبا، پارەی گەنمی جووتیاران، چاودێری کۆمەڵایەتی، وانەبێژەکان.
پێشنیازە یاسای پشتوانی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە دەنگی لەسەر بدرێت.
لای خۆشییەوە، خەلیل غازی دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕگانەی پێمان باشە دەنگی پێدەدەین، وەک بەشە خۆراک و پارەی گەنمی جووتیاران، ئەوانەشی پێی رازی نین دەنگی پێنادەین، وەک ئەو پارەیەی بۆ پەرەپێدانی هەرێمەکان تەرخانکراوە کە 8 تریلیۆن دینارە، لەگەڵ پارەی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوت کە 500 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، کە یەکەم جارە پارە بۆ نۆژەکردنەوەی بۆری نەوت تەرخانبکرێت."
خەلیل دۆسکی جەختی لەوەکردەوە، دەنگنەدانیان هەر تەنیا بەهۆی ئەوەنییە کە لە پەرەپێدانی هەرێمەکان هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان تەرخاننەکراوە، "بەڵکو پێمانوایە ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە تەمەنی کورتە، ئەستەمە لەم ماوە کورتەدا ئەو پارە زۆرەی پێویست بێت، بۆیە گومانی بەهەدەردانی لێدەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ