سوودانی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ: پەلە بکەن لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی بە پەلەی لەبارەی کڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کرد.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێک کە ناوی لێناوە "بەپەلە"، رەوانەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کردووە. هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش بە رووداوی گوت "دوای سەردانەکەی بێگەرد تاڵەبانی و ستافێکی وەزارەت بۆ لای سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سوپاسەوە ئەمڕۆ سەرجەم بەراییەکان و نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کە پاڵپشت بووە بە هەموو رێکارێکی هونەری، زانستی و یاسایی، ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرد."
گوتیشی نووسراوەکە "بەمەبەستی بەخێرایی کار لەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە لە رێگەی سایلۆکان."
بەپێی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق رێکدەکەون و کۆتایی ئەم مانگە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.
حکومەتی عێراق لە مانگی رابردووەوە دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردووە، یەک تۆن گەنم بە 850 دینار لە جووتیاران دەکڕێت.
چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی عێراق بگاتە حەوت ملیۆن تۆن.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کڕی، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا بڕەکەی دیاری نەکراوە.