رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، حکومەت بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تائێستا 1.3 ملیار دۆلاری خەرجکردووە.
رۆژی سێشەممە 8ی نیسانی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 1.3 ملیار دۆلار بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ خەرجکراوە.
فاتمە مهاجرانی گوتی، لە بودجەی ئەم ساڵی ئێرانیشدا بڕە پارەیەکی تایبەت بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەکە تەرخان کراوە.
بە گوتەی گوتەبێژی حکومەتی ئێران، لیژنەی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ ئێستاش چالاکە و رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ، سەرپەرشتی لیژنەکە دەکات.
رۆژی 5ی نیسانی 2025 مەجید دەستگاهی، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەپێی دوایین زانیارییەکان، رووبەری دەریاچەی ورمێ بەراورد بە پار 210 کیلۆمەتر کەمیکردووە.
دەستگاهی گوتی، ئێستا رووبەری دەریاچەی ورمێ هەزار و 140 کیلۆمەترە، لە کاتێکدا پار لە هەمان کاتدا رووبەرەکەی زیاتر لە هەزار و 350 کیلومەتر بوو.
رۆژی 26ی ئاداری 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەمەبەستی ئاگاداربوون لە هەوڵەکانی تایبەت بە بووژاندنەوەی دەریاچەکە، سەردانی دەریاچەی ورمێی کرد.
پزیشکیان لەو سەردانەدا رایگەیاند، پلانەکانی تایبەت بە بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بە باشی جێبەجێ نەکراون. جەختیشی کردەوە، هەوڵدەدەن بە سوودوەرگرتن لە تواناکانی مامۆستایانی زانکۆ، توێژەران و پسپۆرانی نێوخۆ و دەرەوە، چارەسەرێک بۆ دۆخی دەریاچەکە بدۆزنەوە.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا، دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبارەکان، کشتوکاڵکردن لە 600 هەزار هێکتار زەویی دەوروبەری دەریاچەکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دۆخی ئێستای دەریاچەی ورمێن.
تائێستا 27 پڕۆژەی جیاواز بۆ بووژانەوەی دەریاچەی ورمێ جێبەجێ کراون، بەڵام دۆخی دەریاچەکە نەگۆڕاوە و هێشتا مەترسیی وشکبوونی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ