رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ماڵپەری نەڤەسان کە تایبەتە بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆیی ئێراندا، یەک دۆلار بە 105 هەزار و 800 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
تەشەنەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دوو هەفتە لەمەوبەر نرخی یەک دۆلاری لە 105 هەزار تمەن نزیک کردبووەوە.
رۆژی سێشەممە نرخی دۆلار دووبارە گەیشتەوە ئەو ئاستە و دواتر تێیپەڕاند.
هەڕەشەکانی ترەمپ لە ئێران لە دوای دەستبەکاربوونییەوە بەهای تمەنی بە تەواوەتی داڕماندووە.
پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە خولی دووەمیدا لە مانگی یەکی ئەم ساڵ، یەک دۆلار بە کەمتر لە 80 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی و هەڕەشەکانی لە ئێران نرخی تمەنی بەرامبەر بە دۆلار بەڕێژەی 30٪ دابەزاند.
رۆژی سێشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند رۆژی شەممەی داهاتوو لە عومان بە شێوازی ناڕاستەوخۆ، لە ئاستێکی باڵادا دەست بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
شەوی رابردووش دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە کە رۆژی شەممە بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەن.
بەپێی شرۆڤەکاران ئەگەر ئەنجامی یەکەم دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران نەرێنی بێت، ئەوا ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ