رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت هەندێ لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبووکردەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەڕێژەی 1.1٪ بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 64 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 1.3٪ بەرزبووەوە و بە 61 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخەکانی نەوت رۆژی دووشەممە دابەزین بۆ کەمترین ئاستی 4 ساڵی رابردووی خۆیان.
نیگەرانی لە تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانی و سستبوونەوەی ئابووری جیهان، خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوت لاواز کردووە.
وەزیری بازرگانیی چین لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ، هەنگاوەکانی ئەمریکای بە هەڵە لە دوای هەڵە ناوزەند کرد.
بانکی ناوەندیی چین رایگەیاندووە، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی زیاتری بازاڕەکان و نەختینەی زیاتر دەخاتەڕوو بۆ رێگری لە زیانی بازاڕەکانی ئەو وڵاتە.
چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانە، هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام قەبارەی هاوردەکاریی ئەو ئەو وڵاتە دابەزیوە، بەڵام پێناسە گومرکییەکانی چین دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ