وەزارەتی نەوتی عێراق بیرێکی دیکەی نەوت لە کەرکووک تەواو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بیرێکی دیکەیان لە کێڵگەی نەوتیی بای حەسەن لە رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک تەواوکرد، کە لەلایەن تیمە خۆجێیەکانەوە لێدرابوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هەڵکەندنی بیرێکی نوێ لە کێڵگەی بای حەسەن لە کەرکووک رایگەیاند، "تیمە خۆجێییەکانی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکانی عێراق بیری نەوتیی بای حەسەن/199یان لە کێڵگەی بای حەسەن لە رۆژئاوای کەرکووک بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور تەواوکرد."
بەپێی راگەیێندراوەکە، قووڵیی بیرەکە هەزار و 810 مەتر دەبێت و لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری هەڵکەندنی IDC 222ـەوەوە هەڵکەندراوە کە توانای هەزار ئەسپی هەیە.
کێڵگەی نەوتیی بای حەسەن نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە کیڵگەی نەوتیی کەرکووکەوە دوورە، قوڵی بیرەکانی لەنێوان هەزار و 500 بۆ سێ هەزار مەتر دەبێت، لە ساڵی 1953 راگەیێندرا کە دوو ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە، لە ساڵی 1959 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە کرا.
رۆژی دووشەممە، 8-4-2024، باسم محەممەد خوزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان بە رۆیتەرزی راگەیاند، بەغدا خەریکی چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانە کە دەتوانێت لە کۆتایی ئەم مانگەوە رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی تورکیاوە هەناردە بکات.
بۆرییەکە زیاتر لە 10 ساڵە لەکارکەوتووە و نەوتی پێدا هەناردە ناکرێت؛ کاراکردنەوەشی دەبێتە رێڕەوێکی "جێگرەوە و رکابەر" بۆ بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا، ئەمەش دەکرێت ببێتە جێگەی نیگەرانیی و ناڕەزایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان کە تێیدا کاردەکەن.