حکومەتی عێراق: کەمتر لە 9 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکیمان لەسەر ماوە

08-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا زیاتر لە نیوەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دراونەتەوە و لە نزیکەی 20 بۆ کەمتر لە 9 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە. دەشڵێت، "حکومەت تەنیا ئەو قەرزانە دەکات کە بەرهەمدار دەبن و بەرهەمی خۆماڵی زیاد دەکات."
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق  رایگەیاند، "لە رۆشنایی بڕیاردانی ئەنجوومەنی وەزیران و پەسەندکردنی لێژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە 23942ـی پەیوەست بە قەرزی دەرەکی و پەیکەربەندکردنەوەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق، حکومەت ژمارەیەک رێکار و بڕیاری دارایی دا کە بوونە هۆی کەمکردنەوەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 50٪."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، " لە کۆتایی ساڵی 2022دا قەرزە دەرەکییەکانی عێراق 19 ملیار و 729 ملیۆن دۆلار بوون، لە ساڵی 2023 بۆ 15 ملیار و 976 ملیۆن دۆلار کەمیکرد، لە ئەم ساڵیشدا ئەو قەرزانە بۆ 8 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کەمیان کردووە."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتیشی، "ئەو هەنگاوانە بڕیاری راگرتنی قەرزەکانیشی دا، بەهۆی خاوی و ناپێویستییانەوە، جگە لەوەی دەستیکرد بە رێکخستن و بەڕێوەبردنی قەرزەکان و وردبینییان و ئاڕاستەکردنیان بۆ پڕۆژەی ستراتیژی."
 
ئەو هەنگاوانەش بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، مەبەست لێی پابەندنەکردنی ئابووریی عێراقە بۆ پابەندبوونێک کە لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی و رێڕەوی ئابووری دەبێت.
 
باسم عەوادی دەڵێت، "ئەو هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵمەتێکی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی ژێرخان لەبەردەم ئابوورییەکی گەشەکردوو کە کاریگەریی لەسەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە