لە بازرگانیی ئەلیکترۆنیدا عێراق 10ـەمینە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی

08-04-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پێوەرێكی تایبەت بە "بازرگانیکردنی ئیەلیکترۆنی و دیجیتاڵی" و لە لیستێک کە 128 وڵاتی لە خۆگرتووە، عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی 86ـەمیندایە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش ریزبەندیی دەیەمی گرتووە. 
 
لیستەکە لەلایەن گۆڤاری ئەمریکی، CEOWORLD، " سی ئی ۆ وۆڵد"وە ئامادەکراوە و تێیدا 4 پێوەر لەبەرچاو گیراون، قەبارەی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکە، هێزی کاریی پرۆفێشناڵ، چوارچێوەی یاسایی و ئاستی داهێنان و ئاسایشی و تایبەتمەندی کەسە بازرگانەکە.
 
گۆڤارەکە بە پێشەنگی گۆڤارەکانی جیهان لە بواری بازرگانی و پیشەسازی دادەنرێت و ئامارەکانی بە یەکێك لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لەسەر ئاستی جیهان تەماشا دەکرێت.
 
لەو لیستەی کە بڵاوکراوەتەوە 128 وڵاتی لە خۆگرتووە؛ ئەمریکا، چین، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەڵمانیا لە 5 باشترین وڵاتانی جیهاندا دانراون و عێراق لە ریزی 86ـەمینە و سووریاش لە دوایین ریزبەندی لیستەکەدا هاتووە.
 
چوار پێوەرەکە بە نمرە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، کە لە 100 نمرە پێکدێت و عێراق لە رووی قەبارەی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکە 38 نمرەی وەرگرتووە، 40 نمرە بۆهێزی کاریی پرۆفێشناڵ؛ 46 لە رووی چوارچێوەی یاسایی و ئاستی داهێنان و لە پێوەری کۆتاییش کە پەیوەندی بە ئاسایش و تایبەتمەندیی کەسە بازرگانەکەیە؛ 81 نمرەی پێدراوە.
 
ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان لەسەر بنەمای راپرسی ئۆنڵاین و فیدباكی کەسانی پەیوەست دانراوە.
 
چوار ساڵە ئەمریکا یەکەمینی جیهانە و رێکخەرانی لیستەکە پێشبینی دەکەن بۆ ماوەیەکی زۆر لە ریزی یەکەمدا بمێنێتەوە؛ ئەوەش بەهۆی ئاسانکاری وەبەرهێنان و هەبوونی دەستیکاری دیجیتاڵی شارەزا کە بە باشترینی جیهان دادەنرێت.
 
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش عێراق لە ریزبەندی 10یەمدایە لەدوای ئیمارات کە لە ریزی یەکەمە و پاشان سعودیە، ئوردن، لوبنان، میسر، مەغریب، بەحرەین، کوێت و عومان.
 
تادێت قەبارەی بازاڕی دیجیتاڵی لە جیهان گەورەتر دەبێت بە تایبەتی لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە 2020 کە رێگەی خۆشکرد بۆ بازرگانی ئۆنڵاین و بە رێژەی 100٪ بەرزبووەوە.
 
بەهای بازاڕی دیجیتاڵی لە جیهان لە ساڵی 2023 نزیکەی 330 ملیار دۆلار بووە و تاوەکو 2028 پێشبینی دەکرێت بگاتە نزیکەی 700 ملیار دۆلار، ئەمریکا و چین پشکی شێریان لەو بازاڕەدا هەیە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە