رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، خەریکی چاککردنەوەی بۆرییەکی نەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوت کە بە "جێگرەوەی" بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا دادەنرێت.
دەشڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگەوە دەتوانن رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک هەناردەی تورکیا بکەن. گوتەبێژی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "دژی بۆرییەکە نین".
رۆژی دووشەممە، 8-4-2024، باسم محەممەد خوزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان بە رۆیتەرزی راگەیاند، بەغدا خەریکی چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانە کە دەتوانێت لە کۆتایی ئەم مانگەوە رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی تورکیاوە هەناردە بکات.
بۆرییەکە زیاتر لە 10 ساڵە لەکارکەوتووە و نەوتی پێدا هەناردە ناکرێت؛ کاراکردنەوەشی دەبێتە رێڕەوێکی "جێگرەوە و رکابەر" بۆ بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا، ئەمەش دەکرێت ببێتە جێگەی نیگەرانیی و ناڕەزایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان کە تێیدا کاردەکەن.
گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان جۆری هاوبەشین لە بەرهەمهێنان ئەو کۆمپانیایانە رێژە و پشکیان لە نەوتەکە هەیە. بەڵام گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی خزمەتگوزاریین؛ واتە حکومەت کرێ دەداتە کۆمپانیاکان.
رۆژی سێشەممە، 26-03-2024، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کار لەسەر گۆڕینی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکەن و ئەو جۆرە گرێبەستانەی بە پێشێلکردنی دەستووری عێراق ناوبرد.
بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان، بەغدا پێویستی بەوە دەبێت دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بکات، تاوەکو نەوتی بەرهەمهێندراو لە رێگەی ئەو بۆرییەوە هەناردە بکرێت.
زیاتر لە 10 ساڵە ئەو هێڵەى هەناردەى نەوت پەکى کەوتووە کە بە شارى موسڵ تێپەڕ دەبێت، لەدواى دەرهێنانەوەی شارەکە لە دەستی رێکخراوى داعش، دەست کرایەوە بە نۆژەنکردنەوەى.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى نەوتى عێراق کە ئاگادارى ئەو پڕۆژەیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو هێڵە زیاتر لە 85٪ى ئامادەییە بۆ ئەوەى نەوتى لەرێگەوە هەناردە بکرێت.
هێڵەکە لە کەرکووکەوە دەستپێدەکات، دەچێتە ریاز، پاشان بێجى و دواتر دەچێتە دەشتى نەینەوا لە زاخۆوە بە بێشابوور تێپەڕ دەبێت بۆ ناو خاکى تورکیا.
باسم محەممەد دەڵێت: "کارەکانی چاککردنەوەی بۆرییەکە بەردەوامن و وێستگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو تەواو بووە کە کۆگای نەوتیش لەخۆدەگرێت".
وەک ئەو بەرپرسە دەڵێت: "رەنگە لە کۆتایی ئەم مانگەوە بۆرییەکە وەگەڕبخرێت و ئامادە بێت بۆ هەناردەکردنی نەوت".
گوتیشی، چاککردنەوەی بەشە تێکچووەکانی بۆرییەکە لە نێوخۆی عێراق و تەواوکردنی یەک وێستگەی بەرهەمهێنانی گرنگ، قۆناخی یەکەمی کارەکان دەبێت بۆ کاراکردنەوە و کارپێكردنەوەی بۆرییەکە بە توانای تەواوەتی.
ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بەهۆی سکاڵایەکی عێراقەوە راگیراوە. هێشتاش هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ هەناردەکردنەوەی نییە.
هاوکات دوو بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت دەڵێن، بەغدا داوایەکی هەرێمی کوردستانی رەتکردووەتەوە کە داوایکردووە 6 دۆلار وەک کرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت بداتە رۆزنەفت، کە یەکێکە لە خاوەنەکانی بۆرییەکە.
لە بەرامبەراد مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی گوت، ئەوان هیچ کۆمێنتێکیان لەسەر ئەو بابەتە نییە. گوتیشی، "بەڵام ئەوەندە دەڵێم کە ئێمە دژی بۆرییەکە نین".
رۆژی هەینی، 5-4-2024، وەزارەتی نەوتی عێراق تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ ئەو بۆرییە کرد کە بڕیارە نەوتی پارێزگای کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بگوازێتەوە، لە ماوەکانی کەمی داهاتووشدا تاقیکردنەوەی دووەمیش دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەفتەی رابردوو عێراق تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ بۆرییەکە کردووە، تاقیکردنەوەکەش لە رێگەی وێستگەکانی پاڵپێوەنانەوە بووە لەو سێ وێستگەیەی لەسەر بۆرییەکە هەیە.
رۆژی شەممە، 6-4-2024، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشیدی سەرۆککۆمار و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانى عێراق کۆبووەوە.
رۆژی دواتر دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکان کە لەو سەردانەدا باسکراوە، پرسی نەوت بووە کە کێشەی سەرەکی نەبوونی یاسای نەوت و گازە، ئەویش یەکێکە لەو پرسانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان و لەگەڵ سەرۆککۆماریش گفتوگۆی لەسەر کرد.
دڵشاد شەهاب رایگەیاند کێشەی حەقدەستی کۆمپانیاکان هەیە کە لە عێراق زیاترى تێدەچێت، گوتیشى: "ئێستا لەوبارەوە بەرەوپێشچوونی زۆر باش هەیە و ئاراستەیەکی دروستی وەرگرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ