نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 گەیشتە 490 هەزار دینار

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و هەر مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 گەیشتە 490 هەزار دینار. سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگران دەڵێت، دەکرێت "ئاگربەستێکی راستەقینە" لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نرخی مسقاڵێك زێڕ 20 بۆ 25 هەزار دینار دابەزێنێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 8-4-2024، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 5 هەزار دینار بەرزبووەوە و نرخی فرۆشتنی بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 555 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 510 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 490 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 425 هەزار دینارە
 
گۆڕانکاریی لە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکارەوە؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ.
 
هەندرێن وەرتێ، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
 
لە هەفتەی رابردوودا نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان هەبووە بە جۆرێک لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 25 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممەش لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا 27 دۆلار بەرزبووەوە و یەک ئۆنسەی بە 2354 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا؛ دواتر بۆ 2335 دۆلار دابەزی.
 
هەندرێن وەرتێ دەشڵێت، هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان، دابەزینی نرخی دینارە بەرامبەر دۆلار، بەتایبەتی ئەمڕۆ کە 100 دۆلار گەیشتە نزیکەی 148 هەزار دینار.
 
لەبارەی کاریگەریی گفتوگۆکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئەو بەرپرسەی سەندیکای زێڕینگران دەڵێت، ئەگەر ئاگربەستێکی راستەقینە بکرێت، ئەگەر هەیە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 100 دۆلاریش دابەزێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەگەری ئەو دابەزینە گەورەیەی نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 20 بۆ 25 هەزار دینار دادەبەزێت.
 
رۆژی 10-4-2024، کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر، رێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی رابردوو لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و هەر دابەزین یان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو تێیدا دەکرێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستانیش دابنێت.
 
هەندرێن وەرتێ پێیوایە، لە ئەگەری دابەزینی هەڵاوسان، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 20 بۆ 30 دۆلار بەرزبێتەوە و بەپێچەوانەشەوە 30 بۆ 40 دۆلار دابەزێت، ئەوەش رەنگە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 5 هەزار دینار بەرزبکاتەوە یان دایبەزێنێت.
 
هەندرێن وەرتێ گوتیشی، لەسەر ئاستی نێوخۆش، دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دەکرێت نرخی زێڕ بەرزتر بکاتەوە؛ ئەگەر 100 دۆلار بگاتە 150 هەزار دینار (نرخی ئۆنسەش وەک ئێستا بە 2335 دۆلار بێت)، ئەوە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 دەگاتە 497 هەزار دینار.
 
لە مانگی شوباتدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لە 3.1%ـەوە بۆ 3.2% بەرزبووەوە. هەر بەرزبوونەوە و دابەزینێک لە رێژەکە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕەکان دەبێت، بەتایبەتی زێڕ.
 
ئەمریکا دەیەوێت هەڵاوسان بۆ 2% دابەزێنێت، ئەو کاتە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات. بۆیە دابەزینی هەڵاوسان پێشبینییەکان بۆ دەستکردن بە کەمکردنەوەی رێژەکە زیاتر دەکات و بە پێچەوانەشەوە.
 
بەو پێیەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دۆلار دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.