بەهای زێڕ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەک بە 2354 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ رۆژی دووشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 27 دۆلار بەرزبووەوە و ئاستی 2350 دۆلاری شکاند، یەک ئۆنسەی بە 2354 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
سەرەڕای هێوربوونەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نرخی زێڕ ئەو بەرزبوونەوە زۆرەی لە دوای کردنەوەی بازارەکان لەم هەفتەیەدا بەخۆیەوە بینی.
 
بەپێی شرۆڤەکاران کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە نرخی زێڕی تاوەکو ئەو ئاستە نوێیە بەرزکردووەتەوە.
 
هەرچەندە دانوستاندن دەکرێت بۆ هێورکردنەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە، بەڵام گرەوی بازرگانانی زێڕ لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکا، نرخی زێڕی هانداوە بۆ ئەو ئاستە نوێیە.
 
بەپێی بەرپرسێکی حکومەتی چین، 17 مانگی یەک لە دوای یەکە کە بانکی ناوەندی چین رووی لە کڕینی زێڕ کردووە بۆ دەوڵەمەندکردنی یەدەگی زێڕ و کانزای بانکەکە، ئەوەش نموونەیەکە لە ویستی بانکە ناوەندییەکان بۆ کڕینی زێڕ.
 
محەممەد عومێر، شرۆڤەکارێکی سەر بە پلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە دەڵێت، "شەپۆلی نوێی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەستی پێکردووە دوای ئەوەی لەم ساڵدا بەربەستی 2075 دۆلار بۆ زێڕ شکا."
 
ئەو شرۆڤەکارە لە شیکارییەکدا کە لە ماڵپەری ئێف ئێکس ستریت بڵاوبووەتەوە، پێشبینیکردووە نرخی زێر تاوەکو مانگی 10 ـی ساڵی 2025 دەگاتە 3000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.