سندووقی نێودەوڵەتیی دراو: خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری ئاستێکی مێژوویی تۆمار دەکات

08-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
بەپێی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، پاشەکشێی ئابووریی جیهان دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی هەژاری و برسێتی،
بەپێی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، پاشەکشێی ئابووریی جیهان دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی هەژاری و برسێتی،
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی کردنەوەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی وەرزی هاوینەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی لە واشنتن بەڕێوەچوو. سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینیی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری بۆ "ئاستێکی مێژوویی" دەکات.
 
کریستالینا جۆرجێڤا، سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو وێنەیەکی تەمومژاوی لە رەوشی ئابووریی جیهان لە ئەمساڵدا دەداتە ئامادەبووان و دەڵێت، "رێگەم بدەن با لە رەوشی ئابوورییەوە دەستپێبکەم. ئێمە بووژانەوەی ئابووریی بەهێزمان لە ساڵی 2021دا هەبوو. دوای ئەوە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێکرد و کاریگەریی بەرفراوانی بەدوادا هات، گەشەی ئابووریی جیهان بۆ نیو هێندەی خۆی دابەزی و لە 6.1%وە دابەزی بۆ 3.4%."
 
ئەم خاوبوونەوەش بە گوتەی سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، "ئەمساڵ بەردەوام بوو. چاوەڕوان دەکەین ئابووریی جیهان ئەمساڵ کەمتر لە 3% گەشە بکات."
 
بەپێی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، پاشەکشێی ئابووریی جیهان دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی هەژاری و برسێتی، بەتایبەتی لە وڵاتە کەمداهاتەکان.
 
کریستالینا جۆرجێڤا باسی لەوە کردووە، لەگەڵ بەردەوامیی هەڵاوسان و کێشە جیۆسیاسییەکان، ئاسۆی بووژانەوەی ئابووریی خێرا، زیاتر تەمومژاوی دەبێت، ئەمەش گومان لە داهاتووی هەموو کەسێک دروستدەکات، بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە داهاتیان کەمە و زۆر لەرزۆکن.
 
پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لەسەر خاوبوونەوەی ئابووریی جیهان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەکو رێکخراوی بازرگانیی جیهانی نیگەران کردووە.
 
راڵف ئۆسا، ئابووریناسی باڵای رێکخراوی بازرگانیی جیهان دەڵێت، "ئەو مەترسییانەی کە پێشبینی دەکرێن، پەیوەستن بە ئەو قەیرانەی کە بەمدواییە لە کەرتی بانکی روویدا. هەرچەندە ئەو قەیرانە بانکییە لە ئەمریکا و ئەوروپا پێدەچێت رێگری لێکرابێت، بەڵام بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بازاڕە داراییەکانی ناجێگیر کردووە."
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو راپۆرتی ئاسۆی ئابووریی جیهان بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو بڵاوبکاتەوە. ئەو رێکخراوە جیهانییە دابەشبوون و ناکۆکییە سیاسییەکان بە هۆکاری پاشەکشەی ئابووریی جیهان دادەنێت.
 
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی دەکات دابەشبوونی وڵاتان و تەشەنەکردنی ناکۆکییەکان لە درێژخایەندا 7%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهان لەنێوببات و زیانی 8 تریلیۆن دۆلار لە ئابووریی جیهان دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.