سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکان: 60%ی پارەی قەرزی بچووک گەڕاوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 44 ملیار و 300 ملیۆن دینار پارەی قەرزی بچووک گەڕێندراونەتەوە کە ئەوەش 60%ی ئەو پارەیە کە دراوە بە قەرزی بچووک.
 
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە 1ی ئاداری ئەمساڵەوە دەستکراوە بە وەرگرتنەوەی پارەی قەرزی بچووک، لە کۆی 76 ملیار و 853 ملیۆن و 900 هەزار دینار، کە وەکو قەرزی بچووک بە هەشت هەزار و 136 کەس درابوو، 44 ملیار و 300 ملیۆن دیناری گەڕێنراوەتەوە، واتە؛ 60%ی ئەوانەی پارەی قەرزی بچووکیان وەرگرتووە، پارەکانیان گەڕاندووەتەوە".
 
سەبارەت بە لێخۆشبوون لەوانەی ئێستا ناتوانن قەرزەکان بگەڕێننەوە، ئارام ئەنوەر، ئاماژەی بەوە کرد "لەسەر راسپاردەی حکومەت، خاوەن قەرزەکان تاوەکو 1ی نیسان کاتیان لەبەردەستبوو بۆ گەڕاندنەوەی و لە بەرامبەردا لە 15%ی قەرزەکانی لێخۆشبوون دەیگرتەوە. ئێستا ئەوەی قەرزەکە دەگەڕێنێتەوە لێخۆشبوونی 15% نایگرێتەوە، چونکە وادەکە کۆتایی هاتووە".
 
بڕی ئەو قەرزەی کە دراوە بە گەنجان لە یەک ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 15 ملیۆن دینار، ئەوەش بەپێی قەبارەی پرۆژەکەی، بۆ ماوەی شەش ساڵ و ساڵانە 11 قیست دەگەڕێننەوە.
 
هەروەها ئارام ئەنوەر، گوتی، پلانی دەستپێکردنەوەی قەرزی بچووکیان هەیە، چاودێریی داهات دەکەن لە مانگی یەکەم و دووەم چەندمان داهات دەبێت، "لە مانگی چوار دەردەکەوێت و بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەر یەک ملیار دینار بگەڕێتەوە، ئەوا دەکرێت دەست بە پێدانی قەرزی بچووک بکرێتەوە، ئەوکاتە دەکرێت 100 کەس لەو قەرزە سوودمەند بێت، کە زۆرترینی بڕی قەرزەکە 10 ملیۆن دینارە".
 
قەرزی بچووک بۆ لاوان لە ساڵی 2016وە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.