رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکان، لیرەی تورکی داتەپینێکی نوێی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوە بیانییەکانی دیکە تۆمارکرد. ئێوارەی ئەمڕۆش یەک دۆلار بە 31.96 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
نزیکەی هەشت مانگە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بییانییەکانی دیکە لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی 11.3٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە.
رۆژی 4ـی ئاداری 2024، دەستەی ئاماری تورکیا هەڵاوسانی ساڵانەی راگەیاند و گوتی، بۆ 67.07٪ بەرزبووەتەوە. گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) دەڵێت، هەڵاوسانی ساڵانە لەو مانگەدا 121.98٪ بووە.
دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکان، دۆخی بازاڕی ئابووری ناسەقامگیر بوو. چوار رۆژە کاردانەوە و کاریگەرییەکانی راگەیاندنی ئاماری هەڵاوسان لەسەر لیرەی تورکی بەردەوامە.
ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ کردنەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیادا یەک دۆلاری ئەمریکی بە 31.88 لیرە مامەڵەی پێوەکرا؛ دواتر بۆ 31.94 لیرە بەرزبووەوە و لە کاتی داخرانی بازاڕیشدا بە 31.96 لیرە بۆ هەر دۆلارێک مامەڵەی پێوە کرا. هاوکات، یەک یۆرۆ گەیشتە 35.03 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینی بە 40.90 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2024 رێژەی سوودی بانکی لە 42.5٪ بۆ 45٪ بەرزکردەوە، بەڵام لە رۆژی 22ـی شوبات رێژەکەی لە 45٪ بە جێگیری هێشتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی 2022 چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی 2023شدا سوودی بانکی 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ