رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، ئەمڕۆ مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەکانی سلێمانی دابەش دەکرێت و ئەو پەروەردانەی دیکەش کە مووچەیان دابەشنەکردووە، هەفتەی داهاتوو دابەشی دەکەن. بەڕێوەبەری بانکی گۆیژە لە سلێمانی دەڵێت: "گرفت لە دابەشکردنی مووچەی وانەبێژان نییە و ئەمڕۆ مووچەکانیان وەردەگرن."
رۆژی چوارشەممە 08-03-2023، کارۆخ عەبدولڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2023ی مامۆستایانی وانەبێژ لە پەروەردەکانی پارێزگای سلێمانی دابەشدەکرێت و مامۆستایان دەتوانن سەردانی بانک بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
حەسەن قادر، بەڕێوەبەری بانکی گۆیژەش ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ گرفتێک لە دابەشکردنی مووچەی وانەبێژان نییە و ئەمڕۆ لە سلێمانی مووچە وەردەگرن."
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، پەروەردەکانی نێو سەنتەری هەولێر و سلێمانی مووچەیان دابەشکردووە؛ چەند پەروەردەیەکی دەوروبەر ماون و ئەوانیش هەفتەی داهاتوو دابەشی دەکەن."
بەگشتی کەمترین مووچەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینارە؛ مووچەکانیان بەگوێرەی بڕوانامە دەگۆڕدرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزاریان لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ