لە سلێمانی و گەرمیان مووچەی کارمەندانی تەندروستی دابەشکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان دەڵێت، ئەمڕۆ لە پەروێزخانەوە پارەیان بۆ نێردراوە و مووچەی کارمەندانی تەندروستییان دابەشکردووە. سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت: "لە پارێزگای سلێمانیش مووچەی تەندروستی دابەشکراوە."
بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی نەناردنی پارەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، گرفت بۆ مووچەی کارمەندانی تەندروستی دروستبوو. سەرلەبەیانی بانکەکانی سلێمانی سەردانی بانکی ناوەندی هەرێمیان لە پارێزگاکە کرد بۆ وەرگرتنی پارە، بەڵام تاوەکو کاژێر 12:00ی دوانیوەڕۆ هیچ بڕە پارەیەکیان پێنەدرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 08-03-2023، هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ مووچەی کارمەندانی تەندروستی دابەشکرا. کارمەندەکان مووچەیان وەرگرت." هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجەش مووچە دابەشکراوە.
هونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داراییش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هیچ كێشەیەك نەبووە و كاژێر 08:00 پارەمان ناردووە و 11:00 گەیشتووە.
بڕیاربوو دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان پارەی کارمەندانی تەندروستی بۆ بانکی گەرمیان بنێرێت. ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان بە رووداوی گوت: "پەروێزخان بڕی زیاتر لە یەک ملیار دیناری بۆ ناردووین و پارەی کارمەندانی تەندروستیمان دابەشکردووە."
رۆژی سێشەممە 07-03-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی لیستی مووچە، پێویستە وەک یەکەم وەزارەت، تەندروستی مووچە وەربگرن.