هێرشەکەی ئەمریکا نرخی 100 دۆلاری گەیاندە سەروو 152 هەزار دینار

 
رووداو دیجیتاڵ 

هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئۆتۆمبێلی سەرکردەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا نرخی دیناری دابەزاند و 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 152 هەزار و 100 دینار.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8.2.20204، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 151 هەزار و 800 دینار بووە".
 
حاجی سابیر دەڵێت، بە کاریگەریی هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمڕۆ نرخی دینار لە دابەزین بووە و لەکاتی داخستندا 100 دۆلار گەیشتە 152 هەزار و 100 دینار.
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش بە هەمان شێوە نرخی دینار دابەزی؛ 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەدا بە 151 هەزار و 850 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 152 هەزار و 250 دینار بووە.
 
لە دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەی تاوەر 22 لە ئوردن، ئەمریکا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق. 
 
کاژێر 21:35 خولەکی رۆژی 7ـی شوباتی 2024، لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبوو باقر ساعیدی بە درۆن کرایە ئامانج و کوژرا.
 
ئەوەی ئەمڕۆ دابەزینی دیناری سنووردارکرد، زۆریی فرۆشی دۆلار بوو بە شێوەی کاش لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 209 ملیۆن و 264 هەزار و 308 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 172 ملیۆن و 914 هەزار و 308 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 36 ملیۆن و 350 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بوو.
 
وەک شارەزایان و چاودێران دەڵێن، نرخی دینار لە رۆژان و هەفتەی داهاتوودا دەکەوێتە سەر گرژییەکان؛ لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بە ئەگەری زۆرەوە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت و، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری هێوربوونەوەی دۆخەکە، نرخی دینار بەرز دەبێتەوە. 
 
ئەو رۆژانەی دەوامی فەرمی هەبێت بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئەو پارەیە زۆرینەی بۆ دەرەوەیە و نایەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە بەهای دینار بەردەوام ناجێگیرە.