رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی ئارد لە تورکیا و باکووری کوردستان ئاستێکی پێوانەیی تۆمار دەکات و داهاتەکەی گەیشتووەتە 1.5 ملیار دۆلار. پێشبینیش دەکرێت ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم زیادبێت.
ئێرێن گونهان ئولوسۆی، سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی ئاشەکانی ئۆراسیا رایگەیاند، هەناردەی ئاردی تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2023ـدا ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 660 هەزار تۆن.
ئولوسۆی دەڵێت، لە ساڵی 2015ـەوە تورکیا لە وڵاتانی پێشەنگی جیهانە لە رووی هەناردەی ئاردەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2024ـدا زیاتر لە 3.5 ملیۆن تۆن ئارد لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە هەناردە بکرێت.
ئولوسۆی جەختیشی لەوە کردەوە، سەرەڕای کێشەکانی ئەمدواییەی کەشتیوانی لە دەریای سوور، بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر تورکیا نەبووە و لە ماوەی گرژییەکاندا، هەناردەی ئاردیان 22٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 344 هەزار تۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی هەناردەی ئارد لە ساڵی رابردوودا یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی ئاشەکان دەشڵێت، لە سێ ساڵی رابردوودا و بەهۆی نالەباریی دۆخی کەشوهەواوە، بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە تورکیا و باکووری کوردستان کەمبووەتەوە.
ئولوسۆی باس لەوە دەکات، لە ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی دانەوێڵە نزیکەی 60٪ کەمبووەتەوە، بەڵام ئەم ساڵ باشترە.
ساڵی 2023، تورکیا 22 ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەمهێناوە، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بگاتە 24 بۆ 25 ملیۆن تۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ