رەتکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە نرخی نەوتی بەرزکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی رەتکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 22 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی بە 79 دۆلار و 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 19 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیازی ئاگربەستەی رەتکردەوە، کە لەلایەن حەماسەوە پێشکەشکرابوو، سەرەڕای ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە هێشتا هیوا هەیە بۆ رێککەوتنێک بۆ وەستانی شەڕ.
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەمڕۆدا (پێنجشەممە، 8-2-2024) بەهۆی زیادبوونی خواستە بۆ سووتەمەنی لە ئەمریکا.
 
کەمبوونەوەی قەبارەی بەنزینی کۆگەکراو لە ئەمریکا خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن پاڵاوگەکانەوە بەرزکردووەتەوە.
 
بەپێی داتاکانی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، قەبارەی بەنزینی کۆگەکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو سێ ملیۆن و 150 هەزار بەرمیل کەمیکردووە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا 140 هەزار بەرمیل زیادبکات.