بانکی ناوەندیی ئەمریکا: پێویست بکات رێژەی سوودی بانکی زیاتر بەرز دەکەینەوە

08-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە، دەریخست کە بە ئەگەری زۆرەوە کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی هەڵاوسان لەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکەن. 
 
سەرەرای ئەوەش، جیرۆم پاوڵ لە میانەی گوتارێکدا کە لە پەیمانگەی ئابووریی واشنتن پێشکێشی کرد، رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن لە ئەمساڵدا هەڵاوسان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزێت. 
 
وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، بەهێزی بازاڕی کاری ئەمریکا و مانەوەی هەڵاوسان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی. 
 
پاوڵ باسی لەوەش کرد، "لە ئەمساڵدا بەردەوامی دەدەین بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی." بەڵام ئاشکرای نەکرد کە چەند جار رێژەی سوودی بانکی بەرز دەکەنەوە.
 
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا "گەشبینی" خۆی پێشاندا بەوەی کە دەتوانن ئابووری ئەمریکا بە چەشنێک ئاراستە بکەن کە سەرەڕای ئەوەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا نەهێڵن ئابووری تووشی سستبوونەوە بێت.
 
دەقی گوتەکانی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا           
 
ئێمە چاوەڕوان دەکەین، پێشکەوتنی زۆر باش لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان رووبدات. ئەرکی ئێمەیە کە ئەو کارە بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا بڵاودەبنەوە. ئێمە کاردانەوە بە داتاکان پێشان دەدەین. لەبەر ئەوە ئەگەر ببینین کە ئامارەکانی بازاڕی کار ئاماژە بە بەهێزی بازاڕی کاردەکەن، یان هەڵاوسان دووبارە بەرزببێتەوە، ناچارین کاری زیاتری بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ئەنجام بدەین، زیاتر لەو رێژەیەی کە بازاڕ پێشبینی دەکات. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە