ئەگەری رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا نرخی نەوتی دابەزاند

08-02-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بە دابەزین بازاڕەکانی کردەوە، هۆکاری دابەزینی نرخەکانی نەوتیش بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆکار بۆ لادانی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە و گەڕاندنەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 36 سەنت دابەزی و بە 92 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 26 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و نۆ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
سەرەڕای دابەزینەکانی ئەمڕۆی نرخی نەوت، بەڵام هەر دوو جۆری نەوتی برێنت و نەوتی تێکساس بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و کێشە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە رووسیا و ئۆکراینا لە بەرزترین ئاستەکانی خۆیان لە ماوەی 7 ساڵی رابردوو مامەڵەیان پێوەدەکرێت.
 
گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڤییەنا دوای هەڵپەساردنی بۆ ماوەی 10 رۆژ دەستپێدەکەنەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەندێ لە گەمارۆکانی سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی هەڵپەساردووە بۆ ئەوەی یارمەتیی سەرکەوتنی دانوستاندنەکان بدات، بەڵام ئێران داوای لادانی هەموو سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دەکات.
 
بەشی لێکۆڵینەوەی بانکی ئوسترالی - نیوزیلاندی سەبارەت بە بازاڕی نەوت رایگەیاند، "گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ نێو بازاڕەکان کاریگەریی گەورەی لەسەر هەستی بازرگانانی نەوت دروستکردووە."
 
ئەو بانکە دەڵێت، ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا تاوەکو ئێستا ئەرێنی بوون، ئەوەش رێگەی بۆ گەڕانەوەی نەوتی ئێران خۆشکردووە.
 
سەرەڕای ئەوەش بەپێی بەشێک لە شرۆڤەکارانی نەوت هێشتا هۆکار زۆرن بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت. یەکێک لەو هۆکارانە بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی سعودیەیە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی خواست لەسەر نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلی نوێی سەرما لە ئەمریکا و لەکارکەوتنی هەندێ لە پاڵاوگەکان خواستی بۆ سووتەمەنی لەو وڵاتە زیادکردووە کە یارمەتیدەرە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.