لیژنەی دارایی دوایین کۆبوونەوە لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 90٪ـی کارەکانیان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 تەواوکردووە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل و نیوەی داهات لە بودجەدا جێگیر دەکرێت، کە 12.67٪ی بودجە دەکات.
 
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8-2-2021، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دوایین کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق ئەنجام بدات، بە گوتەی هەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەی دارایی زیاتر لە 90٪ی کارەکانیان لەسەر پرۆژەیاساکە تەواوکردووە، بودجەکەیان لە 164 تریلیۆنەوە بۆ 129 تریلیۆن دینار کەمکردووەتەوە، کورتهێنانیش لە 71 تریلیۆنەوە کەمکراوەتەوە بۆ 24 تریلیۆن دینار.
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان دوایین قسە کە زۆربەی شیعەکانی نێو لیژنەی داراییش دوای روونکردنەوەی سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت پێیگەیشتوون، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەو 460 هەزار بەرمیلەی رۆژانەی هەناردەی دەکات، دوای گێڕانەوەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە و ئەو بڕەی لەنێوخۆ بەکاردەبرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکات.
 
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کە ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی کردوویانە ئەو بڕە هەر دەکاتەوە 250 هەزار بەرمیلەکە. بۆیە زۆرترین ئاماژەکان بۆ ئەوەن "ئەمڕۆ پرسی رادەستکردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان لە بەرامبەر 12.67٪ی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجە جێگیر بکرێت".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، بڕیارە سبەی سێشەممە 9-2-2021 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆببێتەوە.
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمریکا و بەریتانیا بێ کاریگەر نەبووە لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت، هەر کاتێک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردبێت، بە تایبەتی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا و ئێرانیش کۆبوونەتەوە، ئەو سێ لایەنە لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بوون.
 
ئەو لایەنانەی کە بوونەتە بەربەست و گرفت لەبەردەم گەیشتنە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەنێو لیژنەی دارایی، ئەو لایەنانەن کە نزیکن لە ئێرانەوە، لەوانە دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتح، بەشێکی حیکمە و بەشێکی سائیرون. 
 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، "بۆیە زۆرترین کاریگەریی ئێرانییەکان بەسەر لایەنە شیعەکانەوە هەیە، ئەگەر ئەوان نیەتی گەیشتن بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدایان هەبووایە، بە دڵنیاییەوە بابەتەکە زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکرا، بەڵام ئێستاش هەریەک لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لەسەر هێڵن و کاریگەرییان تەواوەتیان لەسەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە بۆ ئەوەی بە ئاسانی هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن".
 
دوێنێ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی کرد، ئەمەش نیشانەی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیایە بەسەر مستەفا کازمی، لەنێو کۆبوونەوەکەدا زۆر بە راشکاوی کازمی ئەوەی بە ئەندامانی لیژنەکە گوتووە، کە وەزارەتی نەوت ئەو ئامادەیی و کاتەی نییە بۆ ئەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، "ئیدی بۆچی هێندە پێداگری لەسەر ئەو بابەتە دەکەن؟".
 
کازمی ئەوەشی گوتبوو، ئیدارەدانی ئەو هەموو کێڵگە نەوتییانە پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، بۆیە پێویست بەوە دەکات رێککەوتنێکی سەرەتایی بکەین، بە راشکاوانە بە لیژنەی دارایی گوتووە، "ئێستا باشترین بژاردە لەبەردەمیان وەرگرتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە، ئەوەش رێگەیەکی دروست و ئاسانترە و توانای جێبەجێکردنیشی هەیە".