بەهای لیرەی سووری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و دینار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهای لیرەی سووری بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. بەهای دیناریش کەمێک دابەزی. لیرەی تورکی و تمەنی ئێرانیش جێگیرین.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە، 07-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 151 هەزار دینارە بەراورد بە پێنجشەممە 100 دۆلار نزیکەی 750 دینار بەرزبووەتەوە".
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی دراو گوتی: "دۆخی شەڕ لە سووریا و مەترسی تێوەگلانی عێراق لە شەڕەکە هۆکاری دابەزینی بەهای دینارە".
 
پێنجشەممە یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 101 هەزار دینار بوو. رەوەز میرزا دەڵێت: "ئەمڕۆ لیرە خواستی زۆری لەسەرە و یەک ملیۆن لیرە بە 110 هەزار دینارە".
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی دراو گوتی: "خەڵک پێیوایە حکومەتی نوێ لە سووریا دادەمەزرێت و بەهای دراوەکەی بەرز دەبێتەوە، ئەوەش وایکردووە خواست لەسەری زۆر بێت".
 
هەر ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 7 ملیۆن و 200 هەزار تمەنی ئێرانییە. لیرەی تورکیش نزیکە لە جێگیربوون و 100 دۆلار بەرامبەر 3410 لیرەیە.