تیمی هەژماری من داوای دوایین زانیاری لەسەر بەجێکردنی مووچە لە TBI دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ تیمی هەژماری من بە ئۆنلاین لەگەڵ بانکی (TBI) کۆدەبنەوە و دەیانەوێت بزانن رێکارەکانی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەکوێ گەیشتووە. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7 تشرینی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە تیمی هەژماری من بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک ئەو بانکانەی دیکە کە بەشداریان کردووە لە هەژماری من، هەفتانە کۆبوونەوەی خۆمان لەگەڵ بانکی (TBI) دەکەین."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نێوڕۆکی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە رێکارەکانی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەیە کە بەشداریان کردووە لە پڕۆژەی هەژماری من، تاوەکو گفتوگۆ بکەن لەسەر رێکارەکان و بزانرێت بە کوێ گەیشتوون، چەند کەس ئەم هەفتەیە خۆی تۆمار کردووە و رێکارەکانی هەفتەی داهاتوو چی دەبن.
 
 3ـی تشرینی دووەمی 2024 بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پڕۆژەی 'هەژماری من' واژۆ کردووە بە مەبەستی بەجێکردنی مووچە.
 
ئەو بانکە ئاماژەى بەوەداوە، گرێبەستەکە لەسەر بنەماى بڕیارى دادگەى فیدراڵیی عێراق و فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بووە بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەى بەجێکردنى مووچە لە هەرێمى کوردستان.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە 21ى شوبات بڕیارى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستانى دەرکرد، کە لە رێگەى ئەو بانکانەوە دەبێت کە لە لایەن بانکى ناوەندىی عێراقەوە مۆڵەتپێدراون.