رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی ئابووریی عێراقی دەڵێ هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرملێک نەوت، داوای 33 دۆلار لە حکومەتی عێراق دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 07-11-2024، د. نەبیل جەعفەر مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی مەعقەل لە بەسرە، بە تۆڕی میدیایی رایگەیاند، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی فیدراڵی بۆ هەر بەرمیلێک دەگاتە 7 دۆلار، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل، داوای 24 دۆلار و بۆ گواستنەوەی نەوتەکەش لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکی، داوای 9 دۆلار دەکات، کە بە بڕوای ئەو، ئەوەی دووەمیان بڕەکەی زۆرە.
بەهۆی سرووشتی گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکان و جیۆلۆجیاکەی، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەوێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
بەگوێرەی هەمواری مادەی 12/ دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023، کە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی کردووە. کۆمپانیایەکی راوێژکاری تێچووی هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.
مەرسوومی دەڵێت، سەرەتا وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، 16 دۆلار دەدات وەکو سولفەی تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی ئەو نەوتەی کە هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆی دەکات، دواتر هەموو ئەمانە پاکتاو دەکرێن.
هەموارکردنی مادەی 12/ دووەم/ ج-ی یاسای بودجەی سێ ساڵە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا، کە لە سێ بڕگە پێکدێت.
بڕگەی یەکەم باس لەوە دەکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ بکات، یان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادەپەروەرانە دیاری بکرێن لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند، کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
بڕیارەکە ماوەی 60 رۆژی دیاریکردووە لەگەڵ دامەزراوەیەکدا رێککەوتن بکرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا لەسەر دامەزراوەکە نەگەیشتنە رێککەوتن، حکومەتی فیدراڵ تاکلایەنە دامەزراوەیەک وەک نێوەندگیر و لایەنی سێیەم دیاری دەکات.
بڕگەی دووەمی پێشنیازەکە، باس لەوە دەکات لایەنە نێودەوڵەتییەکە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دەخەمڵێنێت و رادەستی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکات.
بەشێکی دیکەی پێشنیازی هەموارکردنەکە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری بۆ دیاریکراوە و ئەگەر پەسندکرا، وەزارەتی دارایی فیدراڵی راستەوخۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە 25-3-2023ـوە راگیراوە و تاوەکو ئێستا عێراق و تورکیا ئەوەیان راگەیاندووە کە لارییان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت نییە، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت کێشەیان هەبوو لە کەمیی ئەو نرخەی بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک دانرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ