شوان محەممەد: 330 ملیار دینار بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرجکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 330 ملیار دیناری بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرجکرد. سەرچاوەیەکیش بە رووداوی گوت، سبەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
 
شوان محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بڕیاری خەرجکردنی 330 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان درا، هیچ کێشەیەک نەماوە و بەمزووانە دەست بە دابەشکردنی [مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆران] دەکرێت".
 
لە لایەکی دیکە، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد و سبەی بڕی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی هەرێمی کوردستان.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو پارەیەی خەرجکراوە زیاتر لە 300 ملیار دینارە و بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول خەرج دەکرێت.
 
رۆژی 1-10-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی شاندێکیەوە لە بەغدا، روونکردنەوە و زانیاریی پێویستی لەسەر ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی ئاب لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان "بە بیانووی جیاواز راگیرابوون"، بە داتا و زانیاریی دروست و نووسراوی فەرمی پێشکێشی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.
 
رۆژی 3-10-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو سبەی سێشەممە 8ـی ئەم مانگە، تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئاب وەردەگرن.
 
رۆژی 4-10-2024، مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ژمارە 24668 لە 12-09-2024، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی ئەو مووچانە کە خەرج نەکراون و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو هەموو فەرمانبەرانی دیکەی عێراق. هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چارەسەری هەر تێبینییەک دەکەن کە هەبێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024."
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی تەواوکاری مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024ی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
 
وەرگرتنی زانیارییەکان: هەڵکەوت عەزیز و سۆلین حەمەدەمین - رووداو

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە