رووداو دیجیتاڵ
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ نرخی زێڕ دابەزی و یەک ئۆنسەی بە 2647 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا گوشاری خستووەتەسەر نرخی کانزای زەرد.
بەهێزیی بازاڕی کاری ئەمریکا بووەتە هۆکاری ئەوەی بازرگانان بەڕێژەیەکی کەمتر لەوەی پێشبینی دەکرا، چاوەڕێی دابەزاندنی سوودی بانکی بکەن، ئەوەش بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوە و بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ کردووە.
هەرچەندە تاوەکو هەفتەی رابردوو چاوەڕوان دەکرا لە کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، سوودی بانکی بە ڕێژەی 0.5٪ کەمبکرێتەوە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو راپرسییانەی دەکرێن 94٪ـی بازرگانان پێیانوایە؛ مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بەڕێژەی تەنیا 0.25٪ دادەبەزێنێت.
یپ جون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دابەزینی نرخی زێڕ لە رۆژی دووشەممەوە بە ئەگەری زۆرەوە سنووردار دەبێت."
بازرگانانی زێڕ ئەم هەفتەیە چاویان لە ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەرە، کە کۆتایی هەفتەی بڵاودەبنەوە. هەروەها چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا وتار پێشکەش دەکەن، کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ