نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2495 دۆلار دابەزی

دوێنێ کاژێر 07:21
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا بۆ 2495 دۆلار دابەزی.
 
ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا ئاسۆی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە تەمومژاوی کردووە. یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی بەڕێژەی 0.8% دابەزی و بە 2495 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ لە رۆژی 20ـی مانگی رابردوو بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا تۆمارکرد، بەڵام لەو کاتە بەدواوە نەیتوانیوە لەو ئاستە نزیک بێتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا، لە مانگی ئابدا 140 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە کە کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان. پێشبینیکرابوو 160 هەزار هەلیکاری نوێ لە مانگی هەشت دا برەخسێت.
 
ئاکاش دۆشی، شرۆڤەکاری سەر بە ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیتی بانکی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاند، "داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا نەیانتوانی هێمایەکی بەهێز پێشان بدەن لەسەر ئەوەی کە کاتێک بانکی ناوەندیی ئەمریکا 18ـی ئەم مانگە لەسەر سوودی بانکی کۆدەبێتەوە، بڕیار لەسەر کەمکردنی رێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25% دەدات یان 0.5%."
 
بەپێی رووپێوییەکان کە لەلایەن بازاڕەکانی بۆرسەوە ئەنجام دەدرێن، بازرگانان ئێستا چانسی دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بەڕێژەی 0.25% بە 73% دەزانن و تەنیا بەڕێژەی 27%ـی بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندی بەڕێژەی 0.5% سوودی بانکی دادەبەزێنێت.
 
کریستۆفەر والەر، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێیوایە کە کاتی ئەوە هاتووە کە بانکی ناوەندی سوودی بانکی دابەزێنێت، بەڵام هێشتا بڕی دابەزینەکە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بریاری لەسەر نەدراوە.
 
سووکی کۆپەر، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ستاندارد چارتەری بەریتانی پێیوایە، "ئەگەر هاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەرەو ئاستی 2700 دۆلار لە ئارادایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە