بەغدا زیاتر لە یەک تریلیۆن دینارى خەرجیى هەرێمى کوردستان دەخاتە دەرەوەى بودجە

07-09-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن بودجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى فیدراڵیى عێراق بە زیادکردنى خەرجى سیادی و حاکیمە، پشکى مانگانەى هەرێمى کوردستانى کەمکردووەتەوە، رێژەى 12.67%ـی خەرجیی 15 پارێزگاى هەژمارکردووە، بەبێ ئەوەى خەرجیى مانگانەى هەرێمى کوردستانى لەگەڵدا هەژمار بکات، کە یەک تریلیۆن و 140 ملیار دینارە.  
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغداوە دەستى کەوتوون، بۆ دیاریکردنى شایستەى دارایی مانگانەى هەرێمى کوردستان، حکومەتى فیدراڵى خەرجیی "راستەقینە"ـی مانگانەى 15 پارێزگاکەى دیکەى عێراق هەژمار دەکات، کە لە کۆتایی مانگدا دیاری دەکرێت، بەگوێرەى خشتەیەک کە پێشتر لەلایەن وەزارەتى داراییەوە ئامادەکراوە، بەبێ ئەوەى خەرجى مانگانەى هەرێمى کوردستان هەژمار بکات.
 
بەگوێرەى بڕگەى دووى مادەى 11ـی یاساى بودجەى گشتیى پشکى هەرێمى کوردستان لە خەرجى "راستەقینە" دیاریدەکرێت لە هەردوو خەرجیی بەردەوام و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، لەدواى دەرکردنى خەرجیى سیادى.
 
دیارترین ئەو شوێنانەى خەرجییەکانیان بە راستەقینە (فیعلی) لە بودجەدا دیاریکراوە، بریتین لە؛ سەرۆکایەتییەکانى عێراق، وەزارەتەکانى دەرەوە و بەرگرى، دەستەى حەشدی شەعبی، دەزگاى بنبڕکردنى تیرۆر، دادگاى باڵاى فیدراڵى، کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و قەرزەکان.
 
بۆ مانگى حوزەیرانى رابردوو، حکومەتى فیدراڵى عێراق 598 ملیار دینارى بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان نارد.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، لەو مانگەدا حکومەتى فیدراڵى عێراق بودجەى خەرجکراوى بە نۆ تریلیۆن و 976 ملیار دینار دیاریکردووە، کە دوو تریلیۆن و 975 ملیار دینارى بۆ بودجەى سیادى و، دوو تریلیۆن و 280 ملیار دینارى بۆ بودجەى حاکیمە بووە، هیچ کام لەو دوو خەرجیە راستەقینەیەش، پشکى هەرێمى کوردستانی تێدا نییە.
 
بە جیاکردنەوەى خەرجیى سیادى و حاکیمە لەو مانگەدا، چوار تریلیۆن و 721 ملیار دینارى ماوەتەوە، وەک خەرجى راستەقینە کە رێژەى 12.67%ـی بۆ هەرێمى کوردستان بووە و 598 ملیار و 150 ملیۆن 700 هەزار دینارى کردووە.
 
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و  پیشەسازى و بازرگانیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ لە یاساى بودجەدا ئەو شوێنانەى، بودجەى سیادى دەیانگرێتەوە و لەگەڵ قەبارەى پارەکەى زیادکراون، کە پشکى هەرێمى کوردستان نایانگرێتەوە. 
 
سۆران عومەر گوتى "بۆ جیاکردنەوى خەرجیی راستەقینە، خەرجى هەرێمى کوردستان هەژمار نەکراوە."
 
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رووداو، خەرجیی کرداریى مانگانەى هەرێمى کوردستان زیاتر لە یەک تریلیۆن و 140 ملیار، دینارە کە ئەگەر بخرایە سەر خەرجیی کرداریی عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان نزیکەى 137 ملیار دینار زیادی دەکرد.
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، بودجەى سیادى 58 تریلیۆن دینار و بودجەى حاکیمە 10 تریلیۆن دنیارە بۆ ساڵێک، کە مانگانە هەردووکیان نابێت لە پێنج تریلیۆن و 666 ملیار و 666 ملیۆن دینار تیپەڕبکات.
 
بۆ مانگى حوزەیران خەرجیی حاکیمە بڕى رێگەپێدراوى تێپەڕاندووە، کە دوو تریلیۆن و 280 ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا بە دابەشکردنى 10 تریلیۆن دینارى ئەو بودجەیە بەسەر 12 مانگدا، 833 ملیۆن و 333 هەزار دینارى بەردەکەوێت.
 
شێروان دووبەردانى ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زیادبوون و کەمبوونەوەى پشکى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى ئەو رێکارەى ئێستاى بەغدا بۆ ناردنى بودجە، بەستراوە بە ئاستى خەرجکردنى پارە لەلایەن 15 پارێزگاکەى دیکەى عێراقەوە. 
 
شێروان دووبەردانى گوتى "کێشەکە لەوەدایە؛ پارەى مووچەى فەرمانبەران جێگیرە و بەشێک نییە لە خەرجیی راستەقینەى مانگانە تاوەکو پشکى هەرێمى کوردستانى پێوە ببەسترێتەوە." 
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق؛ لە مانگى کانوونى دووەم و تاوەکو حوزەیرانى 2023، خەرجى کرداریی ئەو وەزارەتە زیاتر لە 41 تریلیۆن دنیار بووە، هەرچەندە لەو مانگانەدا تەواوى بودجە خەرجنەکراوە بەهۆى دەرنەکردنى رێنمایی خەرجکردنى یاسای بودجە، کە لە7ـی ئابى 2023 دەرکرا، بەو پێیەى بەگوێرەى یاسای کارگێڕى دارایی ساڵى 2019، لەو پێنج مانگەدا یەک لەسەر دوازدەى بودجە خەرجکراوە کە زیاتر لە 21 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە بووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.