TBI بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو: وەرنە نێو دەروازەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران

07-08-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) داوا لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات پەیوەندی بە دەروازەکانی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانەوە بکەن.
 
بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، داوا لە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری A و B دەکات، کە مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقیان هەیە، لە لقەکانی بانکەکە هەژماری تایبەت بکەنەوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە دەروازەکانی فرۆشتنی دۆلارە بە گەشتیاران.
 
جۆری A ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە سەرمایەکەیان 5 ملیار دینار کەمتر نەبێت. جۆری Bـیش ئەوانە دەگرێتەوە کە سەرمایەکەیان دوو ملیار و 500 ملیار دینار و، گرووپی Cـیش ئەوانە دەگرێتە کە سەرمایەکەیان 500 ملیۆن دینارە.
 
رۆژی دووشەممە، 1-7-2024، بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لە 14ـی تەمموزەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. دۆلار بەتەنیا لە رێگەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری A و Bـی بە گەشتیاران دەدرێت.
 
بانکەکە مۆڵەتی داوەتە کۆمپانیاکانی دراویش لە هەردوو جۆر کە پلاتفۆڕمی (FITR) بۆ حەواڵەی نێوخۆیی و دەرەکی بەکاربهێنن.
 
بەپێی بڕیارەکە، دەروازەی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی گەشتیاران، دەبێت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش جێبەجێ بکرێت، بەڵام هێشتا لقی بانکە رێگەپێدراوەکان بۆ ئەو مەبەستە، لەو دوو فڕۆکەخانەیە نەکراوەتەوە.
 
حاجی سابیر باواجی، خاوەنی کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئێمە وەکو خاوەن کۆمپانیاکان، لە شەممەی هەفتەی پێشووەوە رێکارەکانمان بۆ بەشداریکردن لە دەروازەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان تەواو کردووە و ناردوومانەتە بەغدا.
 
گوتیشی، هیوامان هەیە وەڵامێکی ئەرێنی وەربگرین، بەڵام وەڵامدانەوەی کۆتایی نزیکەی مانگێک دەخایێنێت.
 
بڕیارەکە بەپێی بانکەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی "دۆلار بگاتە گەشتیاری راستەقینە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە