فارس عیسا: کێشەی مووچە چارەسەر بووە

07-08-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێککەوتن کراوە بڕیاری حکومەتی فیدراڵی بۆ خاڵە گومرگییەکان تاوەکو 1ـی ئەیلوول رابگیرێت. گوتیشی، مۆڵەتپێدانی هەرێمی کوردستان بە کارگە و کۆمپانیاکانی کوردستان لە عێراقیش قبووڵکراوە. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند: "کێشەی نەماوە و چاوەڕێی تەمویلی بەغداین."
 
رۆژی چوارشەممە 07-08-2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازگەکانی دهۆک- موسڵ و کەرکووک - هەولێر سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: ''توانیمان هەندێک دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنین، رێککەوتن کرا کە ئەو رێکارانەی لە 1ـی ئابەوە بەرامبەر بەرهەمی کارگە و کۆمپانیاکانی کوردستان لە بازگەکان گیراونەتەبەر، بۆ ماوەی مانگێک بەوەستێندرێن، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا لەلایەن هەردوو وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییەوە پێداچوونەوە بە رێنماییەکان بکرێن.'' 
 
لە سەرەتای مانگی ئابەوە، بە بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی، رێگری لە هەناردەکاران و خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە زیادەی بەرهەمەکانیان لە پێداویستیی نێوخۆ، بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق بنێرن.
 
پاساوی عێراق بۆ رێگری لە بەرهەمە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە کارگەکان مۆڵەتی کارکردنیان تەنیا لە هەرێمی کوردستان هەیە و دەبێ  مۆڵەت لە عێراقیش وەربگرن.
 
فارس عیسا گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی کە مۆڵەتیان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، مۆڵەتەکانیان لە لایەن حکومەتی فیدراڵیشەوە قبووڵکراو بن، ''بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێویست نەکات کە لە بەغداش ناویان تۆمار بکرێت، ئەمەش وەکو مافێکی دەستووری و یاسایی هەرێمی کوردستانە.''
 
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا، بەپێی رێککەوتنەکە کۆمپانیا و کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش بەو مۆڵەتەی کە هەیانە، دەتوانن هاوشێوەی هاوتا عێراقییەکانیان، بۆ دابینکردنی مادەی سەرەتایی و پێداویستیی بەرهەمەکانیان، کەڵک لە سەکۆی ئەلیکترۆنیی بانکی ناوەندی وەربگرن و دۆلار بە نرخی فەرمی بکڕن. 
 
سەبارەت بە هەبوونی کۆمپانیای وەهمی لە هەرێمی کوردستان و عێراق فارس عیسا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکە باس لەوە کراوە لەلایەن وەزارەتە بازرگانی هەر دوو حکومەتەوە، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکرێت و لە مۆڵەتی کارگە و کۆمپانیاکان دڵنیا ببنەوە.
 
دوو رێگە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دیاری کراوە. فارس عیسا گوتی: ''گوشارێکی زۆر دروست بووە لەسەر ئەو رێگەیانەی بەرهەمەکانیان تێدا دەگوازرێتەوە، بۆیە دوو رێگەی دیکەش زیاد دەکرێن و دەخرێنە خزمەت خەڵکی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانەی لەو رێگەیانەوە بەرهەمەکانیان دەگوازنەوە بۆ شارەکانی عێراق.''
 
وەک سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، لە بەیانییەوە رێککەوتنەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاری پێدەکرێت.
 
پێشتر ساڵی 2018ـش لەلایەن عێراقەوە هەوڵی ئەوە درا ئەو کارگەیانەی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە، لە عێراقیش مۆڵەت وەربگرن، بەڵام دواتر هەوڵەکانیان وەستاند و ئەو رێگرییە نەما.
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بۆ ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستاندا 28 هەزار و 189 کۆمپانیای خۆماڵی و 3 هەزار و 361 کۆمپانیای بیانی تۆمارکراون. 
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، نزیکەی 65٪ بۆ 70٪ـی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەی شارەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراون.
 
فارس عیسا لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی، پرسی ناردنی مووچە کێشەیەکی نەماوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی زانیارییەکانی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا مووچەکە دەنێردرێت.
 
مووچەى مانگانەى مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان زیاتر لە 900 ملیار دینارە و لە یاسای بوجەدا هاتووە؛ بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆران، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدڕاڵى بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە