بەڵێندەرێک لە سلێمانی: 900 بەڵێندەر مایەپووچ بوون

07-08-2024
عەدنان رەشید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی بەڵێندەرانی سلێمانی بەهۆی "خەرجنەکردنی چەکی بانکی" گردبوونەوە. یەکێتیی بەڵێندەران دەڵێت، 1000 پڕۆژە لە سنوورەکە وەستاون.

بەڵێندەران داوا دەکەن پڕۆژەی نوێ رانەگەیێندرێت و پارەکە بۆ پڕۆژە کۆنەکان تەرخان بکرێت. جەمال سدیق، بەڵێندەرە و لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو دا گوتی، "سێ پڕۆژەم بەتەواونەکراوی جێهێشتوون. هەر سێ پڕۆژەکە لەسەر گیرفانی خۆم بەڕێوەم بردووە و بە ناچاری رامگرتوون."
 
بەشێکی بەڵێندەران بەهۆی خەرجنەکردنی چەکی بانکییان سنووری کارەکانیان گواستووەتەوە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، یان کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە: "لە سنووری سلێمانی 900 بەڵێندەر مایەپووچ بوون. بەڵێندەر هەیە خۆی کوشتووە. بەڵێندەر هەیە بووەتە کرێچی و موڵکی نەماوە. بەڵێندەر هەیە نەخۆشکەوتووە."
 
 
یەکێتیی بەڵێندەران بۆ چارەسەری کێشەکە لەگەڵ بانکە بازرگانییەکان کۆبووەتەوە و "بەڵێن"ـی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێداون.
 
ئالان کوێخا کەریم، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان-لقی سلێمانی لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "دوێنێ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێم کۆبووینەوە و بەڵێنی پێداین چارەسەری کێشەکە بکات بەپێی دەسەڵاتی خۆی. هەرچەندە بەڵێنی زۆرمان پێدراوە، بەڵام دەسەڵات چییە. سەردانی وەزیری کارمان کرد، ئەویش گوتی، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە."
 
بەشێکی بەڵێندەران بارمتەی یاساییان لای حکومەتە و پێیان نادرێتەوە. وەک ئالان کوێخا کەریم باسی کرد، بەڵێنیان پێدراوە بارمتەکانی بەڵێندەران بدرێتەوە.
 
 
بەشێکی ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پترۆ دۆلارە و لە 2014ـەوە وەستاون: "قفل دراون". بە گوتەی سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەران کە وەکو"مژدە" بە بەڵێندەرانی دەدات، ریزبەندی بۆ ئەو پڕۆژانە دەکرێ بۆ وەزارەتەکان و "لەم هەفتەیە بڕیار دەردەچێت بچنە سەر بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان".
 
زۆربەی کەرستەکانی پڕۆژەکانی بەڵێندەران بە "قەرز" لە بازاڕ دەیکڕن. جەمال سدیق گوتی: "ئامادەین تەندەری نوێ وەربگرین بەڵام بەپێی رێوشوێنە یاساییەکان و پارەی پڕۆژە کۆنەکان خەرجبکرێن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە